داعش لە سووریا خۆی ڕێکدەخاتەوە و سەرکردەیەکی پێشووی بەرەی نوسڕە کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکرد، کردە والی حەلەب.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، ڕێکخراوی داعش ئەبودوجانە جبوری کردووەتە والی حەلەب کە یەکێکە بووە لە سەرکردەکانی پێشووی بەرەی نوسڕە، ئەو گروپەی کە بەر لە گۆڕانی ناوەکی بۆ دەستەی تەحریری شام، ئەحمەد شەرعی سەرۆکی ئێستای سووریا سەرۆکایەتی دەکرد.
ئەبودوجانە، هاووڵاتییەکەی سوورییە و خەڵکی شاری حەلەبە و هاوسەرەکەشی عێراقیە، تا ساڵی 2009 لە عێراق بەشداری لە کارە تیرۆریستییەکاندا کردووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سووریا.
ڕۆژنامەکە ئەوەی خستووەتەڕي کە ئەبودوجانە دوای گەڕانەوەی بۆ سووریا دوو ساڵ لە گرتووخانەی سیدنایا زیندانیکراوە و پاش ئازادکردنیشی پۆستێکی سەرکردایەتی لە یەکێک لە سەربازگەکانی بەرەی نوسڕەدا وەرگرتووە و بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2014دا چووەتە نێو ڕیزەکانی داعشەوە.
ئەم گۆڕانکارییەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەندراوێکی داعش کە بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرشی پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند کە بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی “سووریای ئازاد” ئەنجامی دابوون.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاند، دەستنیشانکردنی ئەبودوجانە، بە والی حەلەب گرنگییەک تایبەتی هەیە ئەویش بە هۆی ئەوەی زانیاری وردی لەسەر شێوازی کارکردنی دەستەی تەحریر شام و پێکهاتەی ئەمنی و ڕێکخراوەییان هەیە.
