شارەزایەکی کەشناسی، کەشی پێشبینیکراوی ڕۆژانی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند و دەڵێت: “ئەگەری خۆڵبارین لە ئارادانییە”.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بەهۆی چالاکی زیاتری بای باکووری خۆرهەڵات لە زۆرینەی ناوچەکان هەست بە فێنکیی تەواو دەکرێت بە تایبەت ئەو ناوچانەی بایەکەیان بەسەردا چالاکە، شاخاوی و نیمچە شاخاوی.
ڕاشیگەیاند، بۆ ڕۆژەکانی دیکەی جەژنیش ئەم فێنکییە بە لاوازی بەردەوام دەبێت و ئەگەری خۆڵبارین بۆ ڕۆژانی جەژن و عەرەفە لە ئارادانییە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە دوای ڕۆژانی جەژنەوە دووباره پلەی گەرمی لە سەرجەم ناوچەکان بە شێوازی بەرچاو بەرزدەبنەوە و بە فەرمی گەرمای هاوینی دەستپێدەکات و کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی وەرزیی گەرمیی زەریای هیندی دەست بە چالاکی دەکات.