سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پێدانی جەژنانە بە كرێكارانی ژینگەپارێز، بابەتێكی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ كەسێك ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان هەر ناوێکی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە.
بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕووكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: “ئاگاداری هەموو هاووڵاتییانمان لە شاری هەولێر دەکەینەوە، کە پێدانی جەژنانە بە کرێکارانی ژینگەپارێز، بابەتێکی تەواو ئارەزوومەندانەیە و هیچ هاووڵاتییەک ناچار نییە هیچ بڕە پارەیەک بەناوی جەژنانە یان بە هەر ناوێکی تر بدات بەو ژینگەپارێزانە.”
ڕاشیگەیاندووە، “زۆرێک لە سواڵکەران بەناوی کرێکارانی شارەوانییەوە پێش جەژنان لەناو کۆڵانەکان دەگەڕێن بۆ جەژنانە، ئێمە وەکو شارەوانی هیچ پەیوەندییمان پێیانەوە نییە و پێویستە هاووڵاتییان ئەگەر نیازی هاوکاری یان جەژنانەیان هەیە بە کرێکارانی شارەوانی، ئەوە بیدەن بەو کرێکارانەی کە ئامێری کۆکردنەوەی خاشاکیان لەگەڵە.”
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەر ڕەفتارێکی نەشیاو لەلایەن کرێکاران و کارمەندانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەرامبەر هاووڵاتییان وەک؛ بەزۆر وەرگرتنی پارە، دیاریکردنی بڕەکەی، دانانی نیشانە لەسەر دەرگە و حاویەی ماڵان یان زبڵیان هەڵنەگرنەوە ئەگەر پارەیان پێ نەدان یاخود هەڕ ڕەفتارێکی نەگونجاوی تر، دەتوانن پەیوەندیی بە ژمارەی سکالای (07509584838)ی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە بکەن، بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست.”