مەسرور بارزانی، لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییدا پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو حزبە کرد و ڕایگەیاند، ئومێدەوارە یەکێتیی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی سەرکەوتوو بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بە بۆنەی (50)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: بە بۆنەی (50)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک، سەرکردایەتیی و گشت ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتیشە، ئاماژەی بەوەشداوە: “ئومێدەوارم یەکێتیی وەک حزب و لایەنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی لە پێناو داکۆکیکردن لە پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت”.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، مەسرور بارزانی دەڵێت، “لەم بۆنەیەدا، جەخت لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامە چاکسازییەکەی و خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بدات و ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە هەرێمی و ناوچەییەکان ببێتەوە”.
لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا و پڕۆژەی دروستکردنی یەکێتی گەڵاڵە کرا. کۆبوونەوەی دووەم لە بەرلین و لە 27ـی ئایاری هەمان ساڵ بە سەرپەرشتیی مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی کرا و لە ڕۆژی 1-6-1975 بە فەرمی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا.
