بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژی دوو شەممەوە دەست پێ دەکات و كەشێكی فێنك هەرێم دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دووباره ناسەقامگیری کەشوهەوای کورتخایەن دەگەڕێتەوە هەندێ لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی فێنک و شێدار بۆ ناوچەکەمان .
ڕاشیگەیاند، بەگوێرەی نوێترین پیشبینییە سەرەتاییەکانی سەنتەری کەشناسی ئەوروپی لەکۆتایی ئەم هەفتەیە بەدیاریکراوی لەڕۆژی چوار شەممەوە ڕێکەوتی (٤/ ٦/ ٢٠٢٥) بەهۆی هاتنی بڕێکی شێ شەپۆلێکی تاوەباران و هەورە بروسکە و تەرزە هەندێ لەناوچه شاخاوییەکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ و کۆیە هەندێ لەناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە شەپۆلەکە لەهەندێ ناوچە جێگیربووە گۆڕانکاری تێدا بەردەوامە .
لای خۆشیەوە، دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی دوو شەممە، 2-6-2025، ئاسمان ساماڵ بێت و لەناوچەکانی باشووریش کەمێک خۆڵبارین دەبێت، پلەکانی گەرماش لە هەموو ناوچەکانی عێراق نزم دەبنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پیشبینی دەکرێت کەشی ڕۆژی سێ شەممە و چوار شەممەی داهاتوو ئاسمان ساماڵ بێت و پلەکانی گەرماش نزم ببنەوە، بەڵام بەهۆی باوە لە ڕۆژی سێ شەممە، ئەگەری خۆڵبارین لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵات هەیە.