spot_imgspot_img

بە بەهای حەوت ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی سووریادا واژوو کرا

کۆمپانیاکانی کالیۆن هۆڵدینگ و جەنگیز هۆڵدینگ، کە لە تورکیا و دەرەوەی وڵات لە چەندین بواری وەک ژێرخان و گواستنەوە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا وەبەرهێنانی گەورەی جیهانییان ئەنجام داوە، لەگەڵ کۆمپانیای UCCی قەتەری و کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی، بە بەهای حەوت ملیار دۆلار ڕێککەوتننامەیەکی وەبەرهێنانی وزەیان لە سووریا واژوو کرد.

بە ئامادەبوونی سەرکۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیجی هاوبەش بە بەهای حەوت ملیار دۆلار لەنێوان وەزارەتی وزەی سووریا و کۆمپانیاکانی کالیۆن هۆڵدینگ و جەنگیز هۆڵدینگ لە تورکیا، کۆمپانیای UCCی قەتەری و کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی واژوو کرا.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا کۆنسۆرتیۆمێک کە کالیۆن هۆڵدینگیشی تێدایە، وێستگەکانی کارەبا کە بە غازی سروشتی کار دەکات، بە توانای کۆی گشتیی چوار هەزار مێگاوات لە ناوچەکانی ترەیفی، زەیزوون، دێرەزوور و محەردەی سووریا دروست دەکات و، وێستگەیەکی وزەی خۆریش بە توانای هەزار مێگاوات لە ناوچەی ودیان ڕەبیعی دروست دەکرێت.

پێشبینی دەکرێت وێستگەکانی پرۆژەکە قۆناغ بە قۆناغ بخرێنە کار. ئامانجیش ئەوەیە وێستگەکانی غازی سروشتی لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێن و، وێستگەی وزەی خۆریش لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا بخرێتە کار.

ئەم وەبەرهێنانە گەورەیە تەنیا ئاسایشی دابینکردنی وزەی سووریا بەهێز ناکات، بەڵکو لە هەمان کاتدا هاوکارییەکی بەهێزیش دەبێت بۆ ئامانجەکانی بەردەوامی ژینگەیی و دیدگای گەشەپێدانی هەرێمیی.

بە تەواوبوونی ئەم وێستگانە کە تێکڕا توانایان پێنج هەزار مێگاواتە، پێشبینی دەکرێت ساڵانە نزیکەی ٣٥ ملیار کیلۆوات/کاتژمێر کارەبا بەرهەم بهێندرێت. لەم ڕێگەیەشەوە پلان ئەوەیە بەشێکی زۆر گرنگی پێداویستیی کارەبای سووریا دابین بکرێت.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە