غەریب ئەحمەد
وەزیری دارایی عێراق بە نوسراو ژمارە ١٤٥٠٢ ڕایگەیاند کە لەم مانگەوە تا كۆتایی ساڵ ناتوانێ موچە بۆ هەرێم بنێرێت بە بیانوی ئەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵەی عێراق تەواو بووە.
ئەم کردەوە نادەستوریەی وەزیر لەم کاتە هەستیارە، جگە لەوەی کە نزیکە هەڵبژاردنی پەڕلەمانە و گەرەکیانە لە شەقامی عێراقی بە بڕیاری قوت بڕینی كورد لایەنگر بۆ خۆیان پەیدابکەن و بکەونە بەر ڤۆکەسی شاباشای بازنەی ئنتیخابیان.
هەروەها، بڕیارەکەی وەزیر ڕاستەوخۆ دژبوونیشە بە بڕیاری ژمارە ٢٢٤ی دادگای باڵای عێراق، ئەمە لەکاتێکدا هێشتا حکومەتی فیدڕاڵ خشتەی داهات و خەرجیەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نەناردووە بۆ پەڕلەمان تا دوای دراسەتکردنی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت.
ئیتر ڕوونە کە بڕیارەکەی وەزیر جگە لە پیلانێکی شۆڤێنی بۆ برسیکردنی ملیۆنان کەس لە خەڵکی هەرمی کوردستان شتێکی ترنییە.
ئەم کردارانە نەك تەنیا دژ بە مافەكانی کوردە لە دەستور، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی و سەقامگیری عێراق بە گشتی.
پێویستی خێرا (عاجل) ئەوەیە کە هێزە سیاسیەکانی هەرێم بەیەکگرتووی و یەك (خیطاب)ی لە ئاستی باڵا لە (هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت) كۆدەنگی بۆ دەستەبەر بكەن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم بڕیارە شۆڤێنیە و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ وەزیر بکرێت بەهۆی پشتکردنی لە بنەمای دەستوریە فیدڕاڵیەکانی عێراق.
پێیان بگوترێت کە ئەم جۆرە لە بڕیاری تاکڕەوی دژ بە گەلێك، ئاشوب و ئاژاوە دەخاتە ناو سیاسەت و حوکمڕانی عێراقەوە، وە بۆ ڕێگری لەم پێشهاتە خراپە دەبێت ئێمە وەك كورد و هەموان وەك عێڕاق ڕێگری بكەین لە پشێوی لە عێڕاق و ڕێگری بكەین لە برسیكردنی هەر گەلێكی پێكهاتەی عێراق و بەڵێ ڕێگری جدی بكەین بۆ قوت بڕینی خەڵكی كوردستان.
بەڵێ، هەموو ڕێگەیەکی سیاسی و یاسایی و مەدەنی دەگرینەبەر تا دادپەروەری لە وەزارەتەكەی (طیف سامی) بەرقەرار دەكەین و نەهێڵین پێشێلی ئاشکرای دەستور و یاسا دەستوریەكانی عێراق بكرێت.
