پارتی چاکسازی تورکمان، لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق هاتە دەنگ و دەڵێت” بەپێویستی دەزانین کە هەڵوێستی جدی بەرامبەر بۆ ئەو پێشێڵکارییانەی حکومەتی فیدراڵی وەربگیرێت”.
لەڕاگەیەندراوێکدا، پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و مادەکانی دەستور پێشێڵ دەکات و پاشگەز دەبێتەوە لە رێککەوتنەکان بە بیانوی بێ پاسا و بێ بنەما کەلەسەر مووچە و شایستە داراییەکان ئەنجام درابوون.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەغدا مووچەی کردۆتە کارتێکی سیاسی بۆ لاوازکردن و دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک پارتی چاکسازی تورکمان بەپێویستی دەزانین کە هەڵوێستی جدی بەرامبەر بۆ ئەو پێشێڵکارییانەی حکومەتی فیدراڵی وەربگیرێت و داواکاریشن کە کۆی لایەنە سیاسیەکان یەکریزی و هاوئاهەنگ بن لە بەغداد و هەرێمی کوردستان واز لە کێشەکانی ناوخۆ بهێنن، چونکە تاکە رێگەی بەهێزیمان و سەرکەوتنمان یەکریزییە، هەر لەو رێگەشەوە دەتوانین سەرجەم مافەکانمان بەدەست بهێنین.
