spot_imgspot_img

وتەبێژی سۆسیالست: با کارتی ڕیفراندۆم و ئاو بەرامبەر بەغداد بەکاربهێنین

بە هۆی بڕیاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانەوە، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوا دەکات کارتی ڕیفراندۆم و ئاو لە بەرامبەر بەغداد بەکاربهێنرێت.

فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەربارەی بڕیاری نەنانردنی مووچە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “وتمان عێراقییەکان ڕەحمیان بە ئیمامی حسێن نەکرد کە باوکی حەزەتی عەلییەو دایکی کچی پێغەمبەرە(د.خ) نەکردووە، کورد چاوەڕێی چی دەکات لێیان!!”.

ڕاشیگەیاند، حکومەتی فیدراڵی عێراق هەرجارەو بە بیانوویەک و بە میکانیزمێک و لەلایەکەوە زوڵم لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەرگیز یەک دەرفەتی لەدەستنەداوە بۆ لێدان لەبەرژەوەندییەکانی هەرێم و کەمکردنەوەی مافەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بەرامبەر بەکورد.

وتەبێژەکەی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت: “ئەگەر بەڕاستی داتاکانی حکومەتی هەرێم بێکەموکورتین، حکومەتی هەرێم بۆچی بەردەوام داوا لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی لەدادگای فیدراڵی تۆمارناکات”.

وتیشی: “ئێمە بەردەوام وتوومانە عێراق هەرگیز وەک هاووڵاتی خۆی سەیری هاووڵاتییانی هەرێم و کورد ناکات و ڕەفتارو هەڵوێستەکانی عێراقی پێشتر و عێراقی نوێش ئەوەیان بەتەواوی سەلماندووە”.

دەشڵێت: “هەموو هەڵوێستەکانی عێراق و پێدانی موچەی بەردەوام و بێکێشە بە موچەخۆرانی خۆیی و بەردەوام دواخستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و بێباکی حکومەت بەرامبەر بەم پرسە، دەریدەخات حکومەتی عێراق موچەی موچەخۆرانی هەرێم وەک کارتی فشار دژی هەرێم بەکاردەهێنێت. هاوکات پێمان دەڵێت عێراق کورد بە هاووڵاتی خۆی نازانێت، ئەوە ئێمەین بەزۆر خۆمان بەعێراقەوە هەڵواسیوە”.

فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕاشیگەیاند، “گرنگە سەرکردایەتی کورد بڕیاری ورد و جدی بدات و کارتەکانی (ڕیفراندۆم، سەرچاوە ئاوییەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی لۆبی و فشار، گرێبەستەنەوتیی و گازییەکان و دروستکردنی پاڵپشتی وڵاتانی زلهێز، ..) بەوریاییەوە بەکاربهێنێت”.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە