دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان چیان وت؟

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دوێنێ شەوی پەیامیان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ‎مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەبوو. هاوئاهەنگیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێتە هۆکاری سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەگشتی”.

وتیشی: “هاوبەشی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا سوود بە گەلانی عێراق و ئەمریکاش دەگەیێنێت”.

پێش ئەویش نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “پێزانینم هەیە بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمشەوی وەزیر روبیۆ”.

وتیشی: “پابەندبوونی هاوبەشم بۆ ئاشتی، سەقامگیری و هاوبەشیی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە”.

دوێنێ شەو سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە له‌ په‌يوه‌ندييه تەلەفۆنییە‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها باسيان له‌ هاريكاريى بوارى ئابوورى و وزه‌ و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا سوپاسی سەرۆک نێچيرڤان بارزانی کرد بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکوومەتی عێراقى فيدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بنیاتنەرانه‌وە”.

ڕۆبيۆ جەختی لەوە کردەوە کە پشتگيريی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به‌ بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە. له‌ به‌رامبه‌ردا نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئەمریکا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە