ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پرسی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمریکا خرایەبەر باس و حکومەت دەڵێت”لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوام دەبین لە دانوستان لەگەڵ بەغدا”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە، و ئەنجامی سەردانی فەرميی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی مەسرور بارزانی بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا باسکرا و لێکەوتەکانی خرایە بەر باس.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا بۆ پشتیوانیەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور کرا، هاوکات ئاماژە بە گرنگی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری وزە کرد لەگەڵ هەر دوو کۆمپانیای ئەمەریکی ( HKN و WesternZagros ) کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاشەوە بە گەرمی پاڵپشتی لێکرا و ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە، سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراق دەبێت.

سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دووپات کردەوە.

ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە