سەلاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بەندە بەپرۆسەی پەروەردە و فێركردنی نەوەكان، دەشڵێت، دەبێت رێز لە پیشەی مامۆستا بگیرێت و شكۆیان بپارێزرێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، پێشوازی لە شاندێكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بەسەرۆكایەتی عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لە بارەی دۆخی مامۆستایان و پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندن كرا و هەردوولا هاورابوون كە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن دەرخەری پێشكەوتن و شارستانیەتی هەر كۆمەڵگایەكە و دەبێـت زۆر بە گرنگەوە لێی بروانین.
لای خۆیەوە سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاند: سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك بەندە بەپرۆسەی پەروەردە و فێركردنی نەوەكان، بەر لە قوتابیان، مامۆستایان دەبێت رێز لە پیشەكەیان بگیرێت و شكۆیان بپارێزرێت، ئەوان ئەركی پەروەردەكردنی نەوەكانمانیان لە ئەستۆیە و نابێت دەسەڵات بیر لە بڕینی مووچە و بژێوی مامۆستایان و فەرمانبەران بكاتەوە و بیانخەنە ناو ململانێ سیاسیەكان.
لەبەرانبەردا شاندی یەرکێتی مامۆستایان ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان بە نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان داوادەكەن هاوكار و یارمەتیدەربن بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی مامۆستایان.
