سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رەوشی قەزای عەینكاوە لە هەولێر پەیامێكی بلاوكردوەتەوە و دەڵێت: هەندێك لە هۆتێلەكان بۆ كاری بێ ڕەوشتانە بەكاردەهێندرێن.
د. مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت: ئەو شێواندنە نەریتیانەی لە عەینكاوە ڕوودەدات، كاریگەریی توندی لەسەر خەڵكی ناوچەكە هەبووە.
ڕاشیگەیاندووە، شێواندنەكان بریتین لە بڵاوبونەوەی رەفتاری نا ئەخلاقی لە شەقامەكانی عەینكاوەدا، بە شێوەیەكی ڕۆژانە، بە تایبەت لە دوای نیوە شەوەوە، لە لایەن خەڵكانێكی بێگانەوە كە خەڵكی ناوچەكە نین.
ئاماژەی بەوەشداوە، زیادبونی ژمارەی هۆتێلەكان بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو، كە لەگەڵ قەوارەی قەزاكەدا ناگونجیت، هەروەها سەرپێچی رێنماییە كارپێكراوەكانە، بە تایبەتی هەندێكیان لە نێو گەڕەك و لە ناوچە نیشتەجێبونەكاندان لە هەمووی خراپتر، هەندێكیان بۆ كاری بێ رەوشتانە بەكاردەهێنرێن، هەروەها دەنگی بەرزی هۆڵەكانی ئاهەنگ گێڕان، تا درەنگانی شەو، رێگری لە نەخۆش و خوێندكاران دەكات كە ژیانی ئاسایی خۆیان بژین و كەسانی دەورووبەری ئەو هۆڵانەش لە خەو بێ بەش دەكات.
مونا یاقو ڕاشیگەیاندووە، هەندێ دیاردە پێشێلكاری نەریتی خەڵكی عەینكاوە دەكەن، وەك جلوبەرگی ناشایستەی هەندێك لەو خەڵكانەی كە سەردانی عەینكاوە دەكەن، هەروەها بڵاوبونەوەی نائاسایی مەیخانە و مەساجخانە و یانە شەوانەكان بەتایبەتی كە هەندێكیان دەكەونە ناو ناوچە نیشتەجێبونەكان، ئەمەش دانیشتوانی ناوچەكە نائارام دەكات و وایان لێدەكات هەست بە مەترسی بكەن بۆ كوڕ و كچەكانیان.
سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: زیادبوونی خاوەندارێتی موڵك لەلایەن كەسانی غەیرە مەسیحییەوە، لەڕێگەی فێڵی یاساییەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر دیمۆگرافیای ناوچەكە دەبێت و پێشێلكردنی بڕگەكانی دەستوور و یاسایە، هەموو ئەمانە جێگەی قبوڵكردن نین و دەبێت هەنگاوی جدی بنرێت بۆئەوەی بابەتەكە بە شێوەیەك لە قاڵب بدرێت، كە خزمەت بە خەڵكی عەینكاوە بكات. عەینكاوە كە بە (شاری برایەتی و ئاشتی) ناسراوە، دەبێت هەموومان كاربكەین بۆ پاراستنی كەرامەت و ناوبانگی خەڵكەكەی.
