ڕەشەبا کۆتایی دێت و بارستە هەوای فێنک ڕوودەکاتە ناوچەکە و خۆڵبارینیش دەستپێدەكاتەوە لەگەڵ هەورە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایەن بۆ هەندێ ناوچه.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەسبەی سێ شەممەوە ئەو ڕەشەبایەی چەند ڕۆژێکه ناوچە جیاوازەکانی گرتۆتەوە کۆتایی پێبێت و ئاڕاستەی با بگۆڕێتەوە بۆ خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوا.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی هەوری هەڵگەڕاوە لەئێران و تورکیاوە لەسبەینێوە تاکۆتایی هەفتە لەهەندێ ناوچە ئەگەری تاوە باران و هەورە بروسک هەیه بەتایبەت شاخاوییه کوێستانەکان.
ڕوونیشی كردەوە، بۆ ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە نزمە پەستانێکی جەمسەری بەتەوژمە هەوای تاڕادەیەک ساردەوە دادەبەزێت بۆ سەر خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تەواوی وڵاتان و ناوچەکانی دەورووبەری بەوهۆیەوە کارتێکەر دەبێ لەسەر ناوچەکانی ئێمەش و پلەكانی گەرما لەتەواوی ناوچەکانمان دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەڕێژەی 6 تا 7 پلەی سیلیزی.
وتیشی، لەماوەی ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممەدا ، بەهۆی سیستەمی نزمه پەستان لەسەر دەریای ناوەڕاست و دەوری کەهەیە ڕێڕەو و جوڵە و ئاڕاستەی با لەخۆرئاواو بەرەو ناوچەکانمان دەگۆرێت و بڕێک خۆڵبارین لەبیابانەکانی عێراق و سووریا لەگەڵ خۆی دێنێتە ناوچەکانمان بەتایبەت لەکۆتاییەکانی هەفتە خۆڵبارینەکه زیاتر دەبێت .
