پڕۆژەی ڕووناكی “كارەبای 24 كاتژمێری” ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە هەژمار كردنی پارەی كارەبای نیشتمانی بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كیلۆوات باشترە و بەپێی بەكارهێنان پارە بۆ هاووڵاتی دێتەوە، بەڵام لە ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەكان دەبوو پارەكەی بدەیت ئەگەر كارەباش بەكارنەهێنیت.
پڕۆژەی ڕووناكی لە ڕوونكردنەوەیەكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، كیلۆوات/ كاتژمێر لەگەڵ ئەمپێر دوو جۆری پێوانەكردنی جیاوازن، كە كیلۆوات بۆ پێوانەكردنی بڕی بەكارهێنانی كارەبایە باشترە بۆ هاووڵاتی لەبەرئەوەی تەنها پارەی ئەو كارەبایە دەدات، كە بەكاریهێناوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە كیلۆوات-دا دەتوانیت بە ئاسوودەیی ئامێرەكانت بەكاربهێنیت و نرخەكانیش جێگیرن.
دەشڵێت: لە پێوانەی ئەمپێردا، كە مۆلیدەكان كاریان پێدەكرد دەبووایە پارەی مۆلیدە بدەیت تەنانەت ئەگەر كارەبات بەكارنەهێنایە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە ئەمپێردا ناتوانیت هەموو ئامێرێك دابگیرسێنیت و تێچووی مانگانە دەگۆڕێت و لە كۆتایی مانگدا بڕەكەی دیاری دەكرێت.
ئاشكراشی كردووە، لە پڕۆژەی ڕووناكی دەركەوتووە 68%ی هاووڵاتیان كەمتر لە 800 كیلۆوات/ كاتژمێر بەكاردەهێنن لە مانگێكدا و بەوەش، ئەگەر كەسێك 490 كیلۆوات بەكاربهێنێت پێشتر دەبوو 53 هەزار بدات، بەڵام ئێستا 39 هەزارە و هەروەها ئەگەر كەسێك 800 كیلۆوات بەكاربهێنێت پێشتر بڕی 84 هەزار دیناری دەدا، بەڵام ئێستا 72 هەزار دەكات.


