بەناز ڕەمەزان: دزەكردن و فرۆشتنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان دوورە لەڕاستییەوە

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی دەربارەی فرۆشتن و دزەكردنی پرسیارەكان دەڵێت: دوورە لە ڕاستییەوە و وێنەی هەر پرسیارێك بگیرێت ڕاستەوخۆ دەزانرێت هی چی خوێندكارێكە و لە چی هۆڵێكە.

بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ماوەی دوو بۆ سێ‌ ساڵە پرسیاری خوێندكاران، هەر پرسیارێكی خوێندكارێك جۆری كاغەزەكەی جیاوازی هەیە لەگەڵ هەر كاغەزێكی تردا.

دەشڵێت: ئەگەر وێنەی پرسیارەكان بگیرێت و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوببێتەوە و تەنانەت ئەگەر ناوی خوێندكارەكەش دەرنەچێت، تەنها بەو چوارچێوەیەی بە چواردەوری پرسیارەكانەوەیە دەزانرێت لە چی هۆڵێكە و هی چی خوێندكارێكە و ژمارەی هۆڵەكە و چاودێر و مامۆستاكەشی دەزانرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئەوە شتێك نییە بشاردرێتەوە، چونكە تەنها بە وێنەگرتنی پرسیارەكە بە مۆبایل با ژمارە و ناوی خوێندكاریش دەرنەچێت، بەڵام یەكسەر پێی دەزانرێت، ڕەنگە خوێندكارێك وێنەی پرسیاری گرتبێت و بڵاوبووبێتەوە، بەڵام یەكسەر پێی زانراوە و ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر.

مامۆستا بەناز ئاشكراشی كرد، “ساڵی ڕابردوو مامۆستایەكی پۆلی 9 وێنەی پرسیاری گرتبوو بۆ خودی خۆی، لە كاتژمێر 6ی ئێوارەش بڵاویكردەوە بەبێ‌ ئەوەی ناوی لەسەربێت، یەكسەر زانیمان لە كام خوێندنگەیە و كام مامۆستایە و لە چی هۆڵێكە و ڕێكاری لەگەڵ گیراوەتەبەر، چونكە بردنی مۆبایل بۆ ناو هۆڵی تاقیكردنەوە قەدەغەیە”.

وتیشی، “ساڵی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر باند دەستگیركران، كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوایە پرسیارەكان دەفرۆشن، بەڵام لەلایەن ئاسیشەوە دەستگیركران”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە