بەهۆی كەم بارانی ئەمساڵ و زوو وشك بوونی گژوگیا و هاوكات وەرزی دروێنەوە، شارەزایەكی كەشناسی هۆشداری لە ئاگركەوتنەوەی هاووڵاتیان لە كاتی گەشت و سەیران دەدات و دەڵێت: دوای خۆتان بەتەواوی ئاگرەكە بكوژێننەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، وەرزی دروێنەیه و بەربوومە دانەوێڵەکان وشک بوون، بۆیە ئاگاداربن و لەم وەرزە، کە شاخ و دەشتودەر هەمووی پوش و پاوانە و گەنم و جۆ وشک بوون، بۆیه تکایە كە ئەچنە گەشت و سەیران ئاگاداری ئاگر کەوتنەوە بن دوای خۆت بەتەواوی ئاگرەکە بکوژێنەوە.
ئەو شارەزا كەشناسییە داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “دڵنیابە لەوەی ئاگرەکەت کوژاوەتەوە یاخود ئەوانەی جگەرە دەکێشن ئاگاداربن جگەرەکەت بکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلیشەوه جگەره بە نەکوژاوەیی فڕێمەدەرە دەرەوه”.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە ڕەنجی ساڵێکی جوتیاران بەفیرۆ دەڕوات و تووشی خەسارەیەکی زۆر دەبن و هەزاران دار و درەخت دەسوتێن و چەندین باڵندە و گیانلەبەریش دەسووتێن.
جەختیشدەكاتەوە “باهەموومان پێکەوە پارێزگار بین و هاوکار بین وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی و دینی لەپاراستنی ماڵی هەموو لایەک و ژینگە و سروشت “.
