سەرەڕای نادڵنیایی لەپەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سووریا لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لەمانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو، ناوبەناو باس لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات دەکرێت.
یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان لەمبوارەدا هەوڵدانە بۆ بوژاندنەوە و بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی عێراق (کەرکووک -بانیاس) کە بە سووریادا تێدەپەڕێت.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ دا، حکومەتی عێراق بەفەرمی دانوستانەکانی لەگەڵ سووریا دەستپێکرد بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریا بۆ دەریای ناوەڕاست و شاندێکی باڵای عێراق سەردانی دیمەشقیان کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر پلانەکانی نۆژەنکردنەوەی ئەو هێڵەی کە دەیان ساڵە بەهۆی شەڕ و پشتگوێخستنەکانەوە ناچالاکە، گفتوگۆکان چەند بابەتێکی گرتەوە، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەرزکردنەوەی ئاسایشی سنوورەکان و لە هەمووی گرنگتر ئەگەری دەستپێکردنەوەی کارەکانی بۆری نەوتی کەرکووک – بانیاس.
بەرژەوەندییە هاوبەشەکان
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، بە ماڵپەڕی ئەلحورەی ڕاگەیاندووە؛ بەغدا و دیمەشق خواستی هاوبەشیان هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵەکە، ئەمەش سوودی بۆ هەردوو وڵات و تەنانەت لوبنانیش دەبێت.
ساڵح دەڵێت، لە ئێستادا گرنگی بەلایەنە لۆجستی و تەکنیکی و یاساییەکان دەدرێت، بەتایبەتی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و گەرەنتی سەلامەتی پێویست بۆ کارکردنی بەردەوامی هێڵەکە.
جەختیشی لەوەشکردووەتەوە، کە دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری بۆرییەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ خێراکردنی پلانی عێراق بۆ هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی هەناردەی نەوت، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
هێڵی کەرکووک – بانیاس گونجاوی ستراتیژی و تێچووی کەمتر بۆ عێراق دەڕەخسێنێت. گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حکومەتیش ماوەیەکە بەردەوامن، لەم دواییانەشدا پێشکەوتنی بەرجەستە لەئاستی لیژنەی تەکنیکیدا هاتووەتەپێش.
ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت وەبەرهێنان لەکەرتی نەوتی عێراق بەرز بکاتەوە و یارمەتی وڵات بدات بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرهەمهێنانی ٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پەرەسەندنی خواستی جیهانی لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریکای باکوور.
پاشخانی مێژوویی
هێڵی بۆری نەوتی، کەرکووک – بانیاس لە نێوان عێراق و سووریا، لەساڵی ٢٩٣٤ دامەزراوە، درێژییەکەی نزیکەی ٩٠٠ کیلۆمەتر دەبێت، لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە بەناو خاکی سووریادا درێژدەبێتەوە.
بەسەر دوو لقدا دابەش بووە، یەکێکیان لە بانیاس کۆتایی دێت، ئەوی تریان لە بەندەری تەرابلوس لە لوبنان.
ئەم بۆرییە ڕێگایەکی گرنگ بوو بۆ هەناردەکردنی نەوت بەدرێژایی سەدەی بیستەم، تا ئەو کاتەی ڕژێمی سووریا لە ساڵی ١٩٨٢ لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا هەرناردەکردنەکانی ڕاگرت.
لەو کاتەوە عێراق پشتی بەڕێگاکانی دیکەی وەک هێڵی بۆری عێراق -تورکیا (ITP) بەستووە.
بەشێکی زۆری گوێزەرەوە نەوتییەکە، لەناوچوون و دزراون، بەتایبەت لەو ناوچانەی کاریگەری شەڕی چەند ساڵەیان لەسەر بووە لەناو خاکی سووریادا و عێراق، زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەڕێی ئەم بۆرییەوە نەوتی هەناردە نەکردووە.
گرفت و کێشەکان
گۆڤەند شێروانی شارەزای بواری وزە پێی وایە هەوڵەکان بۆ بوژاندنەوەی بۆری کەرکووک – بانیاس، لەئێستادا زیاتر بە ڕەچاوکردنی سیاسییە نەک ئابووری یان تەکنیکی.
شێروانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئەلحوڕە، سێ بەربەستی سەرەکی دەستنیشان دەکات:
ئاسایش؛ بەو پێیەی بۆرییەکە بەو ناوچانەدا تێدەپەڕێت کە هێشتا لەدەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی سووریان، کە شانەکانی داعش و گروپە چەکدارەکانی دیکە تێیدا چالاکن.
شێروانی هۆشداری دەدات لەوەی دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەواو بەدرێژایی ڕێگاکە مەرجی پێشوەختەیە بۆ هەر پێشکەوتنێک.
تەکنیکی؛ ئەو پسپۆڕەی وزە ئاماژە بەوە دەکات؛ هێڵی ئێستا “کۆنە و لە چەند ناوچەیەکدا زیانی زۆری پێگەیشتووە کە چاککردنەوەیان مەحاڵە”، پێویستە هێڵێکی تەواو نوێ دروست بکرێت یان دەستکاری بکرێت بەپشتبەستن بەدۆخی مەیدانی.
دارایی؛ دروستکردنی بۆرییەکی نوێی ٨٠٠ کیلۆمەتری دوو بۆ سێ ساڵ دەخایەنێت و پێویستی بە بودجەیەکی ٤ بۆ ٥ ملیار دۆلارییە، کە بریتییە لەبۆری و وێستگەی پەمپکردن و سەنتەری چاودێری و ئاسایش.
بژاردەی جێگرەوە
نوێبوونەوەی بەرژەوەندی عێراق بۆ ڕێڕەوی سووریا هاوکات بوو لەگەڵ دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە.
ئەم هەناردەکردنانە زیاتر لەدوو ساڵ بوو بەبڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەپاریس ڕاگیرابوو، بەهۆی ناکۆکی عێراق لەگەڵ تورکیا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
شیروانی ڕوونیشیکردەوە، بەراوردکردنی هێڵی بانیاس و جەیهانی تورکیا سروشتییە، بەڵام دەشڵێت: “هێڵی جەیهان لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەیە، هەروەها ئاستەنگە تەکنیکی و داراییەکانی سنووردارە”.
شێروانی پێی وایە هەردوو ڕێگاکە گرنگن و لەگەڵ سیاسەتی عێراقدا یەکدەگرنەوە بۆ هەمەچەشنکردنی هەناردەکردن و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕێگا لاوازەکانی ناوچەی کەنداو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرژییە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان.
بە وتەی شارەزایانی ئابووری، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێی بۆری کەرکووک – بانیاس، دەتوانێت داهاتێکی دارایی بەرچاو بۆ سووریا بەدەستبهێنێت لەڕێگەی ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار و بەشداریکردن لەئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ، هەروەها پاڵپشتی بازاڕی سووتەمەنی ناوخۆیی دەکات بەپاڵاوتنی نەوتی عێراق بە نرخێکی کەم لە پاڵاوگەی بانیاس.
لەلایەکی دیکەوە، ئوسامە قازی ڕاوێژکاری ئابووری سووریا دەڵێت؛ پڕۆژەکە لەبنەڕەتدا ئابوورییە، بەڵام لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە ئاڵۆزە، بەتایبەتی بەهۆی کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق.
ئەو ڕاوێژکارە ئابوورییەی سووریا دەڵێت؛ کێشەکە تەنها ژێرخانی عێراق نییە، بەڵکو بوونی ئەو لایەنانەیە لەناو عێراقدا کە دژایەتی حکومەتی نوێی سووریا دەکەن، کە دیمەشق بە کەرەستەی ئێرانی دەزانێت.
دەشڵێت: “تا ئەو لایەنانە بەچالاکی بمێننەوە، پێم وانییە پڕۆژەکە بەرەو پێشەوە بچێت، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنێکیش واژۆ بکرێت”.
لەنێوان هەڵوەستە و گەشبینیدا
هەرچەندە زیندووکردنەوەی بۆری کەرکووک – بانیاس نوێنەرایەتی دەرفەتێکی ستراتیژی و ئابووری و جیۆپۆلەتیکی بۆ هەردوو وڵات دەکات، بەڵام بەربەستی بەرچاو لەبەردەم بەدیهێنانیدا ماون.
پێشکەوتن لەم پڕۆژەیەدا پەیوەستە بە چارەسەری ئەندازیاری و وەبەرهێنانی دارایی، جگە لە باشترکردنی دۆخی ئەمنی و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییە هەڵپەسێردراوەکان.
لە ئێستادا ئەم پڕۆژەیە تاقیکردنەوەیەکە بۆ یەکگرتنی ئابووری ناوچەیی و توانای وڵاتانی دوای ململانێ بۆ گواستنەوە بۆ هاوکاری بەردەوام لەگەڵ یەکدیدا.
