وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا ئەویش ئافرەتێکی دانشتووی سنوری ناحیەی شیلادزێ یە لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک تەمەن ( 43 ) ساڵە، پیشەی ئافرەتی ماڵە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکە لە هەمان خێزان خوشکی حالەتی پێشووە کە دوو هەفتەی پێشوو بەداخەوە گیانی لە دەستدا بەهۆی بەرکەوتە و بوونی ئاژەڵی ماڵی و گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی دەگیرێتە بەر و لە ئێستادا لەژێر چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت.
تەندروستی ڕوونیشیکردەوە، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، وە یان هاووڵاتیانی بەرکەوتووانی بەخێوکردنی ئاژەڵ یان بەرهەمەکانی ئاژەڵ لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.
تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی مانگی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها سێ حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە کە بەداخەوە حالەتێکیان لەشاری دهۆک بوو کە دوو هەفتەی ڕابردوو لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا و حالەتی دووەم بە تەواوی چاکبووەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە. لەگەڵ حالەتێکی دانشتووی شاری موسڵ کە ئێستا لەشاری هەولێر چارەسەر وەردەگرێت.
