وەزارەتی کارەبای عێراق لەسەر ڕێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیا چییەنییەکان زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت” بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ (POWER CHINA) کەرتی وزە بەهێز دەکات”.
وەزارەتی کارەبای عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتی (POWER CHINA) واژۆ کرا، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی وزە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی عێراق و چینیدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ڕێککەوتنە نوێیەکە بریتییە لە ئامادەکردنی توێژینەوەی قوڵ و پلاندانانی تەکنیکی لەلایەن کۆمپانیا چینییەکەوە، لەگەڵ ڕووماڵکردنی تەواوی قۆناغەکانی دیزاین، ئامادەکردن، و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی بڕیاریان لێدراوە.
روونیشیکردۆتەوە وەزارەتی کارەبا بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ (POWER CHINA) کەرتی وزە بەهێز دەکات، و هەردوو لایەن سوودمەند دەبن لەو ئاسانکاریانەی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا بەردەستن، و ئەم هەنگاوە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی کارەبا دێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سیستەمی وزەی نیشتمانی و بەرزکردنەوەی کاراییەکەی، کە بەشێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی پێشکەشکردنی هاووڵاتیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی کارەبای وڵات.
