ئیلی کۆهین، سیخوڕێک لەهەڕەمی دەسەڵاتی سووریادا

بیهێنە بەرچاوت پیاوێک دێتە وڵات و شارێکی نامۆ بە نەریت و ژیان، بتوانێت لە هەموو کەسایەتییە سیاسی و سەربازییە دیارەکان نزیک بێتەوە و زانیاری هەواڵگریی ورد لەڕێگەی ئامێرێکی بچووکی تۆمارکردنەوە بگوازێتەوە بۆ تەلئەبیب… ئەم پیاوە  ئێلی کۆهینە و ئەو وڵاتەش کە ئامانجی کارە هەواڵگرییەکانی بوو سووریایە و سەرگوزشتەکەی بەرباس دەخەین.

لە کۆهینەوە بۆ کامیل ئەمین ثابت

ئیلی کۆهین، بەناوبانگترین سیخوڕی ئیسرائیلە لەمێژوودا و چیرۆکەکەی جێگەی سەرنجی ناوەندە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانە.

لەژێر ناوی کامیل ئەمین ثابت ئەرکە سیخوڕییەکانی ئەنجامداوە، سەرەتای شەستەکان وەک بازرگانێکی سووری، کە لە ئەرجەنتین گەڕاوەتەوە هاتۆتە ناو خاکی سووریا، لەوێوە پەیوەندی بە کۆمەڵگای سووری و عەرەبیەوە دەکات.

کۆهین، دوای چوار ساڵ مانەوە لە دیمەشق، توانی پەیوەندی و دۆستایەتییەکی پتەو دروست بکات و خۆی بخزێنیتە ناو ناوەندە باڵاکانی دەسەڵات و بڕیاردان.

ئێستا و پاش ٦٠ ساڵ لەسێدارەدانی، هاوکات لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە دۆسیەی کۆهین جارێکی دیکە هاتۆتەوە ناو ناوان.

ڕۆژی ١٨ی ئایار، نووسینگەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ ساڵرۆژی لەسیدارەدانەکەی، ڕایگەیاند، لەڕێگەی “ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی ئاڵۆز”ەوە، توانیویانە سەرکەوتوبوون لەدەستکەوتنی ئەرشیفی فەرمی ئیلی کۆهین بۆ ئیسرائیل.

بەڵام سێ سەرچاوە لە ١٩ی ئایاردا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، سەرکردایەتی سووریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی بەڵگەنامەو کەلوپەلە سیخوڕییەکانی ئیلی کۆهین بە ئیسرائیل وەک هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و نیشاندانی نیازپاکی بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی سەر سووریای ڕاگەیاند.

ئاژانسەکە لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنی سووریا و ڕاوێژکارێکی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا و کەسێکی ئاگادار لەدانوستانە نهێنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بڵاویکردەوە؛ ئەرشیفی “کۆهین” بە دەستپێشخەرییەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن شەرع لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دروستکردنی متمانە لەگەڵ ترەمپ خراوەتە بەردەم ئیسرائیل.

بەپێی نووسینگەی نەتانیاهۆ، ئەرشیفی کۆهین نزیکەی ٢٥٠٠ بەڵگەنامە و وێنەو کەلوپەلی کەسی لەخۆگرتووە.

ئەو کەرەستانەی ئیسرائیل،  لەسووریا وەریگرتوون، بریتین لە؛

-وەسیەتنامەیەک، کە ئیلی کۆهین بە دەستنووسی خۆی چەند کاتژمێرێک پێش لەسێدارەدانی لە ناوەڕاستی دیمەشق نووسیویەتی.

-تۆمارە دەنگییەکان و فایلەکانی لێپرسینەوە و ئەوانەی بەرکەوتنی لەگەڵیاندا بووە.

-ئەو نامانەی بۆ خێزانەکەی نووسیویەتی و وێنەکانی نوێنەرایەتییەکەی لە سووریا.

-لەگەڵ ئەو کەلوپەلە کەسییانەی کە دوای دەستگیرکردنی لەماڵەکەیدا دەرهێنراون، لەوانە پاسپۆرتی ساختە، وێنەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و حکومی سووریا، یاداشتنامەو وردەکاری ئەرکەکانی مۆساد.

بەشێک لەوەسیەتنامەکەی کۆهین؛

بۆ خێزانە خۆشەویستەکەم، نادیەی هاوسەرم، دوا وشەکانی خۆمتان بۆ دەنووسم؛ پەیوەندییەکانتان مەپچڕێنن و ئاگاداری یەک بن، هیوادارم لێم خۆش بیت و ئاگاداری خۆت و منداڵەکان بیت، بیانپارێزە، جوان پەروەردەیان بکەو خۆت یان ئەوان لەهیچ شتێک بێبەش نەکەیت، لەپەیوەندی بەردەوام و پتەودا لەگەڵ خێزانەکەم و کەسووکار بمێنەرەوە، ئازادیشیت لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تردا بکەیت بۆ ئەوەی منداڵەکان بەبێ باوک گەورە نەبن، ئازادی تەواوت لەمبارەیەوە هەیە، داواشت لێدەکەم کاتەکانت بەگریان بەفیڕۆ نەدەیت، بۆ داهاتوو بڕوانە.

گەورەترین سیخوڕی ئیسرائیل

لە میانی مەراسیمێکدا کە بۆ ئەو بۆنەیە بەڕێوەچوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد، ئەو کەلوپەلانەیان ڕادەستی نادیە کۆهین، کرد.

هاوسەرەکەی کۆهین داوای گەڕاندنەوەی “تەرمی” ئیلی کرد، لە وەڵامدا نەتانیاهۆ، پێی ڕاگەیاند؛ حکومەتی ئیسرائیل کار لەسەر ئەوە دەکات، چونکە “ئیلی ئەفسانەیەکی ئیسرائیلییە، گەورەترین بریکاری مێژووی هەواڵگری ئیسرائیلە”.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لە مانگی کانوونی دووەمدا فایلی کۆهینیان لەباڵەخانەیەکی ئاسایشی دەوڵەتدا دۆزیوەتەوە، ڕۆژێک دوای ئەوەی دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە ڕایگەیاندووە؛ شەرع درکی بەوە کردووە، بەڵگەنامەو کەلوپەلەکانی کۆهین بۆ ئیسرائیلییەکان گرنگن و گەڕانەوەیان دەتوانێت نوێنەرایەتی ئاماژەیەکی دیپلۆماسی بەرچاو بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بەئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ سووریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێوشوێنەکانی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، لەوانە گەڕاندنەوەی ڕووفاتی کۆهین و سێ سەربازی ئیسرائیلی، کە لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەسەر وەختی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سووریا لە لوبنان کوژراون.

ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ ڕووفاتی یەکێک لەو سەربازانەی بەناوی تزڤی فێڵدمان وەرگرتووەتەوە.

گۆرەکەی لەکوێ یە؟

سەرچاوەیەک دەڵێت؛ پێناچێت دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەستیان بەزانیاری لەسەر شوێنی ئەسپاردەکردنی کۆهین بگات.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەو زانیاریانەی کە پێویستن بۆ دیاریکردنی شوێنی ناشتنەکەی کۆهین، پەیوەستن بە ڕیفعەت ئەسەد و ئەو یەکە سەربازییانەی کە ژێردەستەی ئەو بوون.

لە بیستەکانی تەمەنەوە تا سێدارە

ئیلایاھو بن شاول کۆھین، ناسراو بە ئیلی کۆھین، ٢٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٤ لە شاری ئەسکەندەریەی میسر لەدایک بووە، سیخووڕێکی ئیسرائیلی بوو، بە کارە سیخووڕیەکانی لەسووریا لەنێوان ساڵانی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٥ دەناسرێتەوە، کە لەوێدا پەیوەندیەکی پتەوی لەگەڵ سیاسەتمەدارانی وڵاتەکە درووستکردبوو، و بووە ڕاوێژکاری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش.

دەزگای ھەواڵگری سووری توانیان سیخووڕیەکانی ئیلی ئاشکرا بکەن و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بدەن لە ساڵی ١٩٦٥.

ئەو زانیاریانەی ئیلی دەستیکەوتبوون، لەو وەختەدا، بەھۆکارێکی وەچەرخانی سەرکەوتنەکانی ئیسڕائیل دادەنران.

ئێلی کۆهین، لەتەمەنی بیست ساڵیدا پەیوەندی بەڕێکخراوی لاوانی جوولەکە زایۆنیستەکانەوە کردووە لە میسر.

دوای شەڕی ساڵی ١٩٤٨، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی ڕێکخراوەکە دەستیان کرد بەبانگەشەی کۆچی جوولەکەکانی میسر بۆ فەلەستین، پاشان لە ساڵی ١٩٥٦ میسری بەرەو ئیسرائیل بەجێهێشت.

ئیلی کۆهین، وەک وەرگێڕ و شرۆڤەکاری هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل کاری کردووە.

ئیلی کۆهین لە ژێر ناوی “کامیل ئەمین ثابت”، وەک سیخوڕ بۆ مۆسادی ئیسرائیل لە ناوخۆی سووریا کاری کرد، بەجۆرێک لە ماوەی ئەرکەکەیدا، توانی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و سەربازییە باڵاکانی دیمەشق پێکبهێنێت و دزە بکاتە ناو پەیکەری دەسەڵاتی سووریاوە.

لەکۆتاییدا دەزگا هەواڵگرییەکانی سووریا توانیان ناسنامەکەی ئاشکرا بکەن و بەپێی یاسای فریاکەوتنی سەربازی دەستگیرکرا و سزای بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە ١٨ی ئایاری ١٩٦٥ لە گۆڕەپانی مەرجە، لە دیمەشق سزای لەسیدارەدانی بەسەردا جێبەجێکرا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە