دوای ئەنجامدانی دوو گرێبەست لە بواری وزە لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئەمریکا پشتیوانی بەهێزی بۆ کورد دووپاتکردەوە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆتۆنۆمی کورد بریتییە لە ستوونێکی ئەو دیدگایەی بۆ عێراق هەمانە، و بەشێک لەو دیدگایە ڕێگەدانە بەو دۆخە ئابوورییەی کە ڕێگایان پێدەدات خۆشگوزەران بن و سەربکەون.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان پەیوەندییەکی باشتر و نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە، و خوازیارن پەیوەندییەکانیان بەهێزتر و فراوانتربن.
ڕوونیشیکردەوە، بەبەرپرسان و دەسەڵاتی عێراقمان ڕاگەیاندووە، بنەمای سەرەکی پەیوەندییەکان بریتییە لە ڕێزگرتن لەو کۆمپانیایانەی کەلە عێراق کار دەکەن.
رۆبیۆ ڕاشیگەیاند، سووریا لە لیواری داڕماندایە و مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە ئارادایە، ئەگەر ئەو گریمانەیە ڕاست دەرچوو ئەوا سووریا دادەڕمێت و مەترسی بەهێزبوونەوەی ئێران لە ناوچەکە هەیە.
هۆشداریشیداو دەڵێت”ئەگەر حکومەتی ئێستای سووریا بڕوخێت ئەوا ناوچەکە وەرچەرخانی توند بەخۆیەوە دەبینێت و دەبێتە مەیدانی جیهادییەکان و داعش و توندڕەوی، هاوکات هەژموونی ئێران لەو وڵاتە باڵاتر دەکات”.
