گەورەترین قەڵغانی مووشەکی
ئەمریکا، قەڵغانی زێڕین بونیات دەنێت، کە دەبێتە گەورەترین قەڵغانی مووشەکی و بەوتەی سەرۆکی ئەو وڵاتەش، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ئەمریکایە، لە هێرشە مووشەکییەکان و تەنانەت ئەو مووشەکانەش کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دێن.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند؛ واشنتۆن قەڵغانێکی مووشەکی دروست دەکات بە ناوی “گۆڵد دۆم”، دەتوانێت ڕێگری لەو مووشەکانە بکات، کە لەناوچەکانی دیکەی جیهان و تەنانەت ئەگەر لە بۆشایی ئاسمانیشەوە هەڵبدرێن.
ترەمپ دەڵێت؛ ئەمە زۆر گرنگە بۆ مانەوە و سەرکەوتنی وڵاتەکەمان.
بەپێی وتەی سەرۆکی ئەمریکا، “گۆڵدن دۆم”، بۆ پاراستنی ئەمریکا لە هێرشە دەرەکییەکان و دووپاتی کردەوە کە لەماوەی سێ ساڵدا کاردانەوە و بەرگرییەکانی قەڵغانێکی مووشەکی بەهێز لە جیهاندا دەستپێدەکات.
ترەمپ تەرخانکردنی ٢٥ ملیار دۆلاری وەک بودجەی سەرەتایی بۆ پڕۆژەکە ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوەکردووە؛ کۆی تێچووی پڕۆژەکە دەتوانێت بگاتە نزیکەی ١٧٥ ملیار دۆلار.
ترەمپ لە کۆشکی سپی وتی: لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنم بەگەلی ئەمریکا دا، کە سیستەمێکی بەرگری مووشەکی زۆر پێشکەوتوو دروست بکەم، “ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە بە فەرمی نەخشەیەکمان بۆ ئەم سیستەمە پێشکەوتووە هەڵبژاردووە.”
ڕوونیشیکردەوە: “گۆڵدن دۆم دەتوانێت ڕێگری لە مووشەکەکان بکات، تەنانەت ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە و، تەنانەت لە بۆشایی ئاسمانیشەوە هەڵبدرێن”.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، کە ژەنەڕاڵ مایکل گیتلاین لە هێزی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا سەرکردایەتی پڕۆژەکە دەکات.
بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، کەنەدا ئارەزووی بەشداریکردنی دەربڕیوە لەم پرۆژەیەدا وەک خۆی دەڵێت، چونکە “ئەویش پارێزگاری دەوێت”.
گۆڵدن دۆم ئامانجی فراوانتری هەیە
ترەمپ ڕایگەیاند “تەکنۆلۆژیای نوێ لەسەر وشکانی و دەریا و بۆشایی ئاسمان جێگیر دەکات، لەوانە هەستەوەرەکانی بۆشایی ئاسمان و مووشەکی ڕێگریکەر”.
لە بەرامبەردا، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا، کە شانبەشانی ترەمپ قسەی کرد، ڕوونیکردەوە؛ ئەم سیستەمە ئامانجی پاراستنی “وڵاتەکەمانە لە مووشەکی کروز، بالیستیک و هایپەرسۆنیک، جا چ ئاسایی بێت یان ئەتۆمی”.
لەکۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا، ترەمپ فەرمانی دروستکردنی “قوبەی ئاسنین”ی ئەمریکی واژۆکرد، کە بەگوێرەی کۆشکی سپی قەڵغانێکی یەکگرتووی بەرگری دژە مووشەکی دەبێت بۆ پاراستنی خاکی ئەمریکا.
ڕووسیا و چین ڕەخنەیان لەم هەنگاوە گرت
مۆسکۆ وەک پڕۆژەیەکی “جەنگی ئەستێرەکان” تەماشای ئەم هەوڵەی ئەمریکا دەکات و دەڵێت؛ ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو دەستەواژەیەی کە بۆ وەسفکردنی دەستپێشخەری بەرگری ستراتیژی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان لەکاتی جەنگی سارد دا، بەکارهاتووە.
سەرەتای ئەم مانگە مۆسکۆ و پەکین ڕەخنەیان لە چەمکی “قەڵغانی زێڕین” گرت و بە “ناسەقامگیرکەر” ناویان برد و ڕایانگەیاند؛ ئەم هەنگاوە بۆشایی ئاسمان دەکاتە “ناوچەی جەنگ”.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن کرێملینەوە دوای گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە پڕۆژەکە “بە ڕوونی بەهێزکردنی بەرچاوی ئەو جبەخانەیە، کە پێویستە بۆ شەڕکردن لە بۆشایی ئاسماندا “.
بەپێی ڕاپۆرتی پێداچوونەوەی بەرگری مووشەکیی پنتاگۆن بۆ ساڵی ٢٠٢٢، ئەمریکا ڕووبەڕووی هەڕەشەی مووشەکیی چەند وڵاتێک دەبێتەوە، بەتایبەتی ڕووسیا و چین.
لە بەڵگەنامەیەکی بەرگری مووشەکیی پنتاگۆندا هاتووە؛ پەکین کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە تەکنەلۆژیای مووشەکی بالیستی و مووشەکی هایپەرسۆنیک، هاوکات مۆسکۆ کاردەکات بۆ مۆدێرنکردنی سیستمی مووشەکی نێوان کیشوەرەکانی و پەرەپێدانی مووشەکی ئامانج وردی پێشکەوتوو.
بەرگری مووشەکیی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشداوە؛ ئەگەری زۆرە مەترسییەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕی ئۆکرایندا دەگێڕن، زیاتر بێت، هۆشداریشیداوە لە مەترسی هەڵدانی مووشەکی بالیستی لە کۆریای باکوور و ئێرا و سەرچاوەی دیکەوە.
ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا ئەزموونێکی بەنرخی لە بەرگریکردن لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەدەستهێناوە.
لە ئۆکراین، سیستمی ئەمریکی بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی پێشکەوتووی ڕووسیا بەکارهێنرا، هاوکات فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لەساڵی ڕابردوودا یارمەتی بەرگریکردنیان بۆ ئیسرائیل دابیندەکرد، بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە ئاڕاستە دەکران.
چین زۆر نیگەرانە
لای خۆیەوە، ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم سیستمە پێشێلکردنی بنەمای بەکارهێنانی ئاشتیانەی بۆشایی ئاسمانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆژەکە “مەترسی گۆڕینی بۆشایی ئاسمان بۆ گۆڕەپانی شەڕ زیاد دەکات، هەڕەشەی هەڵگیرسانی پێشبڕکێی نوێی خۆ پڕچەککردن دەکات، هەروەها بناغەکانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆنترۆڵکردنی چەک دەهەژێنێت”.
لە درێژەی قسەکانیدا ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: ئەمریکا ئاسایشی هەمووان تێکدەدات، بەمەش هاوسەنگی و سەقامگیری ستراتیژی جیهانی تێکدەدات.
وتیشی: ئێمە زۆر نیگەرانین، داوا لە ئەمریکا دەکەین بە زووترین کات دەستبەرداری پەرەپێدان و جێگیرکردنی سیستمەکە بێت و هەنگاو بنێت بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی ستراتیژی لەنێوان زلهێزەکان و پاراستنی سەقامگیری ستراتیژی جیهانی.
دەربارەی “گۆڵدن دۆم”
بڕیارە سیستمەکە “پێش کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی ترەمپ” بە تەواوی کاربکات، کە لەساڵی ٢٠٢٩ کۆتایی دێت.
دەتوانێت بەر لە”مووشەکەکان بگرێت تەنانەت ئەگەر لە بۆشایی ئاسمانیشەوە هەڵبدرێن”.
تواناکانی زەمینی و بۆشایی ئاسمان لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت مووشەکەکان لەچوار قۆناغی سەرەکی هێرشێکی ئەگەریدا دەستنیشان بکات و ڕێگرییان لێبکات:
-دۆزینەوە و لەناوبردنی پێش هەڵدانی.
-ڕێگریکردنیان لە قۆناغە سەرەتاییەکانیان دوای هەڵدانی.
-بەردەوامبوون لەفڕین.
-نزیکبوونەوە لە ئامانج.
چاودێران پێیان وایە جێبەجێکردنی “قەڵغانی زێڕین” ساڵانێکی زۆری دەوێت، چونکە بەرنامەکە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نادڵنیایی دەبێتەوە لەسەر بودجە.
یاسادانەرانی دیموکراتەکان نیگەرانی خۆیان لە کڕین و بەشداریکردنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەربڕی کە خاوەنەکەی ئیلۆن ماسکی هاوپەیمانی ترەمپە و وەک پێشەنگێک شانبەشانی پالانتیر و ئەندوریل دەرکەوتووە بۆ دروستکردنی پێکهاتە سەرەکییەکانی سیستمەکە.
“گۆڵدن دۆم” ئیلهامی لە قەڵغانی بەرگری “قەڵغانی ئاسنینی”ی ئیسرائیلەوە وەرگرتووە.
