spot_imgspot_img

هەرێمی کوردستان بە بێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغداد دوو گرێبەستی نەوت و غاز واژۆ دەکات

حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی وزە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆ دەکات و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەتیش دەڵێت، گرێبەستەکان هاوشێوەی ئەوانەی پێشوون و ڕاوێژیشمان لەگەڵ بەغداد نەکردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لە بواری وزەدا دەکات.

ڕوونیشیکردەوە کە هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئەنەرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن، کە بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لایخۆشیەوە، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت لە واشنتۆنەوە ڕایگەیاند، گرێبەستەکان هاوشێوەی ئەوانەی پێشوون کە هاوبەشین و ڕاوێژیش لەگەڵ بەغداد نەکراوە و”چاوەڕێی بەغداد ناکەین تا لەسەر گرێبەستەکانمان ڕازی بێت”.

ڕوونیشیکردەوە کە مەزەندە دەکرێت داهاتی هەردوو گرێبەستەکە بە نرخی ئەمڕۆ بگاتە 110 ملیار دۆلار.

کەمال محەمەد ڕاشیگەیاند، ئامانجی گرێبەستەکان دابینکردنی وزەیە بۆ ناوخۆ و مەزەندە دەکرێت قۆناغی یەکەم بە 18 تا 20 مانگ تەواو دابێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە گرێبەستەکان نەک هەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو سوودی بۆ عێراقیش هەیە و پلانیان هەیە غاز بۆ ماڵان دابین بکەن و پاش پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆش، هەناردەی بکەن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە