دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆری ئاوی ئیفرازی سێ شکا، چەندین گەرەک بەهۆی ئەوەوە بێ ئاو دەبن.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بڵاویکردەوە، بەهۆکاری کارکردنی چەند هاووڵاتیەكی نا بەرپرس بۆ ڕاکێشانی هێڵی کارەبا و هەڵکەندن بە حفارە بۆ دانانی بناغەی ستوون (عمود ) بۆ ڕاکێشانی کارەبا بەبێ ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیمان و دیاریکردنی ڕێچکەی خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لەکاتی کارکردنیان هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز ٣ جۆری GRP ـی هەولێریان شکاندووە.
بەپێی بڵاوکراوەکە، بۆریەکە لەنزیك گوندی دارەبەن شکاوە و لەکاتی ئێستادا لایەنی پەیوەندیدار بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە، وە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت وە لە کاتی ئێستادا ووێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز ٣ وەستاوە.
بەڕێوەبەرایەتیەکە دەشڵێت، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بەردەوامن لە کارکردن بەمەبەستی چاککردنەوەی بۆڕیەکە چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو بۆریەکە چاك بکرێتەوە و ئاو بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکات هاوکاریان بن لە بەفیرۆنەدانی ئاو تاکو بۆڕیەکە چاك دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو گەڕەکانەی بێ ئاو دەبن بریتین لە:
هەولێری نوێ
فەرمانبەران
٥ی حەسارۆکان
مامۆستایان
قەڵاتی نوێ
هاوکاری
هەموو گەڕەکەکانی نێوان جادەی شۆرش و جادەی کەرکووک
شێخ ئەحمەد
گولان
هەڤالان
باداوە
٩٤ی باداوە
زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی ٦٠ مەتری.
