بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی مێرگەپان لە دوو چالاکی جیاوازدا توانیان (٤)سەرپێچیکار بەتۆمەتی زیادەڕۆیی و بەکارهێنانی (زەوی) موڵکی گشتی هەروەها دیاردەی بیرهەڵکەندن دەستگیر بکەن .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری و بەدواداچوون دەرکەوت هاووڵاتیەک هەستاوە بە تەخت کردنی زەوی موڵکی گشتی و هەڵکەندنی نزیکەی (٢٠)بڕ داری تەمەن جیاواز ، هەربۆیە لەلایەن پۆلیسی دارستانی مێرگەپان ئەو سەرپێچیکارە دەستگیرکرا .
ڕاشیگەیاندووە، لەلایەکی تر مەفرەزەکانی هەمان بنکە توانیان دەست بەسەر ئامێرێکی بیر هەڵکەندندا بگرن لەجۆری (پایڵ) قەبارە بچووک ، هاوکات (٣)سەرپێچیکار بەتۆمەتی کارکردن و بەکارهێنانی ئەو ئامێری بیرهەڵکەندنە دەستگیرکران .
جەختیشی كردۆتەوە، لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە .


