60 ساڵ نهێنی، “ئێلی کۆهین” درایەوە ئیسرائیل

دوای تێپەڕبوونی 60 ساڵ بەسەر دۆسییەی “ئێلی کۆهین”، سووریا دۆسیەکەی ڕادەستی ئیسرائیل کردەوە وەک “نیازپاکی” بۆ ئەو وڵاتە.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025 ڕایگەیاند، دەزگای هەواڵگری مۆساد ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگری “دۆستانە” ئەنجامداوە، لەو ڕێگەیەوە توانی “ئەرشیفی فەرمی سووریا”ی سیخوڕی ئیسرائیلی ئیلی کۆهین وەربگرێتەوە، کە لە ساڵی 1965 لە گۆڕەپانی مارجە لە دیمەشق لەسێدارەدرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەرشیفەکە لە دیمەشقەوە هێنراوە بۆ ئیسرائیل و زیاتر لە دوو هەزار و 500 بەڵگەنامە و وێنە و کەلوپەلی کەسی لەخۆدەگرێت کە هی ئەو سیخوڕە ئیسرائیلییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دۆسێیەی بە “ئەرشیفی فەرمی سووریا” وەسفیکردووە، لەدوای لەسێدارەدانی کۆهین لە ساڵی 1965 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی سوریاوە دەستیبەسەرداگیراوە، بەم دواییەش لە “ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی لەگەڵ دەزگایەکی هەواڵگری ستراتیژی”دا، لە سەروبەندی 60 ساڵەی لەسێدارەدانیدا دۆزراوەتەوە.

مۆساد ئاماژەی بەوەشکردووە، مادەکان بریتین لە وەسیەتنامەیەک کە کۆهین بە دەستنووسی خۆی نووسیویەتی، تۆماری لێکۆڵینەوەکانی، هەروەها وێنە و نامەنووسی خێزانیی و کەلوپەلی کەسی، کە بەشێکی زۆری بۆ یەکەمجار پیشان دەدرێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، بەڵگەنامەکان وردەکاری چالاکییە هەواڵگرییەکانی کۆهین لە سووریا لەخۆدەگرن، لەوانەش ئەرکەکان، بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی دامەزراوە سەربازییەکان، ئەمە جگە لە کۆپی بڕیارەکەی دادگا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە دەکەوێتە چوارچێوەی “هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووس و شوێنی ناشتنی کۆهین”.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد، گرنگی ئەم هەنگاوەیان هەم لە ڕوانگەی ئەرک و هەم لە ڕوانگەی هەواڵگرییەوە باسکرد و بەکارێکی مێژوویی ناویان برد.

هەروەها ئۆپەراسیۆنەکەیان بە “بەشێک لە پابەندبوونی دەوڵەت بە گەڕاندنەوەی سەربازە ونبوو و دیلکراوەکان” ناوبردووە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە