پارێزگاری سنە ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە ڕایگەیاند: رۆژی سێشەممەی داهاتوو پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهوک و هەڵەبجە سەردانی شاری سنە دەکەن. وتیشی، سەرنجی سەرەکیی سەردانەکە گەشەپێدانی ئابووری دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
بە وتەی پارێزگاری سنە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارانی کرماشان و ورمێش بەشدار دەبن.
ئارەش لهۆنی باسی لەوەشکرد: “تا ئێستا نەمانتوانیوە بەتەواوی کەڵک لە بازاڕی عێراق وەربگرین وەک پێویست، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی کولتووری، دەتوانین پەیوەندییەکان پەرەپێبدەین”.
جێگری پارێزگار سنە بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە دەڵێت: “بەهۆی ئەوەی فڕۆکەی راستەوخۆ لە سلێمانی بۆ سنە نییە، ناچارین میوانەکان بە فڕۆکەی تایبەت بێنین و ئەوەش تێچوویەکی زۆری بۆ پارێزگاکە دەبێت”.
لەو بارەوە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پاریزگاری سلێمانی بە بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەکان خولین لەنێوان پارێزگا هاوسنووەکان، هەر جارەو لە شوێنێک دەکرێت، پێشتر لە هەولێر و ورمێ کراون.
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: “کۆبوونەوەکان بە بەشداریی پارێزگارەکان و ژوورە بازرگانییەکان دەکرێت بۆ هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، کولتووری، فەرهەنگی و زانستییەکانە”.
