بەشێک لە پزیشکە دانەمەزراوەکان و نیشتەجێی خولاو لە دهۆک لەبەرامبەر نەبوونی دامەزراندنیان هەڕەشەی بایکۆت دەکەن و دەڵین”حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنی فەرمی و پلەبەندی پشتگوێ خستووە”.
ئەمڕۆ شەممە، کۆمەڵێک پزیشکی دانەمەزراو و 98 پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە شارەکانی دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدان لە دژی نەبوونی دامەزراندن و پلەبەندی بۆ ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کاری پزیشکی دەکەن.
پزیشکەکان، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەردەوام لە خزمەتکردن بوون، دەڵێن کە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان بۆ دامەزراندنی فەرمی و پلەبەندی پشتگوێ خستووە، ئەمەش بووەتە هۆی بێزاری و ناڕەزایەتییەکی زۆر لە نێویاندا.
ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەپێی یاسا، پێویست بوو تا ئێستا دامەزرابن، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی خزمەتە تەندروستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی خۆیان.
لە کۆبوونەوەکەدا، پزیشکەکان هەڕەشەی ئەوەیان کرد کە ئەگەر حکومەتی کارگێڕی لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وەڵامی داواکارییەکانیان نەداتەوە و چارەسەری پێویست نەکات، ئەوا دەست بە بایکۆتی دەوام دەکەن.
