کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA) کە سەر بە بانکی جیهانییە، ڕایگەیاند، لە 12ی ئەم مانگەوە، ئەو قەرزانەی لەسەر سووریا کەڵەکە ببوون، کە نزیکەی 15.5 ملیۆن دۆلار بوو، دراونەتەوە.
باس لەوەشکراوە، پارەکە لە لایەن سعودیە و قەتەرەوە دراوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێک، لە ئەنجامی ئەم هەنگاوەدا، لەمەودوا سووریا دەتوانێت داوای قەرز و هاوکاری لە بانکی جیهانی بکاتەوە، بەڵام بە مەرجی پابەندبوون بە سیاسەتە کارپێکراوەکانی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە لە 12ی ئایاری 2025ـەوە هیچ بڕە پارەیەکی دیکەی قەرزی کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەسەر سووریا نەماوە.
کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDA)کە سندووقێکی سەربە بانکی نێودەوڵەتییە بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی کەمداهات، قەرزی بێ سوود یان بە سوودی کەم پێشکێش بە وڵاتان دەکات بۆ ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە گەشەی ئابووری زیاد دەکەن و ژیانی خەڵکی هەژار لە سەرتاسەری جیهاندا باشتر دەکەن.
پاککردنەوەی ئەم قەرزانە لەلایەن سعودیە و قەتەرەوە لە کاتێکدایە کە سووریا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی نیو سەدەی بنەماڵەی ئەسەد و هاتنە سەرکاری سەرکردایەتییەکی نوێ، هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی دەدات.
