بەمەبەستی پیرۆزبایی و دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانیکوردستان، سەردانی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجەی کرد.
رۆژی ٥ شەممە ١٥ – ٥ – ٢٠٢٥، یاسین مەحمود ڕەشید سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، سەردانی پارێزگاری هەڵەبجەی کرد و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی پێشکەشکرد و لەدیدارێکدا، بە ئامادەبوونی زانیار حەمەنووری بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، باس لەهەوڵی زیاتر لەپێناو خزمەتکردن بەپارێزگای هەڵەبجە و کارو پرۆژەی نوێ لەشارەکەو ڕاکێشانی وەبەرهێنەران بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان گفتوگۆ کرا.
یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، وێڕای بەردەوامی لەپاڵپشتییەکانی دووبارە پشتیوانی خۆی بۆ پارێزگاری هەڵەبجەو دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند؛ گرنگە لەزووترین ماوەدا، بەکۆششی هەمووان لەکۆڕبەندێکدا، سەرجەم وەبەرهێنەران لەم شارە جوانەدا کۆبکەینەوە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانیان بۆ بخرێتە بەردەست تا بەهەمووان هیمەتی خەمخۆرانەی خۆیان بەگەڕ بخەن و لەبوار و سێکتەرە جیاوازەکاندا سەرمایەکانیان بەگەڕبخەن و یەکە ئیدارییەکانی شارەکەش دوور لەرۆتین بەوپەڕی جدییەتەوە کاری وەبەرهێنەران ڕاپەڕێنن و کارئاسانیان بۆ بکرێت تا بتوانرێت لە زووترین ماوەدا، جێدەستیان لەشارەکەدا ڕەنگ بداتەوە و بەهەموومان هەڵەبجە بکەین بە شارێکی نموونەیی و پێشکەوتوو لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق.
لایخۆیەوە، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگی بەردەوامی یاسین مەحمود ڕەشید و یەکێتی وەبەرهێنەرانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند؛ دەربڕینی پاڵپشتی بۆ ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە و ڕۆڵبینینتان لەڕابردوودا و ئێستاش کە خەمخۆرانە پشتیوانی دووپاتدەکەنەوە جێی پێزانینەو هەموو هەوڵ و هەنگاوێک بۆ پێشخستنی شارەکەمان بەرز دەنرخێنین .
وتیشی؛ ئەوەی لە دەسەڵاتی کاروبارەکانماندا بێت بۆ بەدەمەوەهاتنی وەبەرهێنەران و ڕاییکردنی کارەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان کەمتەرخەمی ناکەین و دەمانەوێت لەنزیکترن ماوەدا رۆڵی وەبەرهێنەرانمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری شارەکەمان ببینین.

