یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گرنگیی زیاتر بە مامۆستایانی گرێبەست بدرێت و بكرێنە هەمیشەیی تاوەكو كێشەی كەمیی میلاك بۆ ساڵی داهاتوو چارەسەربكرێت و دەشڵێت: دەبێت قەرەبووی مووچە پاشەكەوتكراوەكان بكرێتەوە.
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەبۆنەی یادی 63 ساڵەی دامەزراندنییەوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، “لە قوربانیدان و چالاكیدا هەمیشە پێشەنگبووین و سەرخستنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و پارێزگاریكردن لە مافی مامۆستایان ئامانجمان بووە، ئێستاش سڵ لە داكۆكیكردن لە داواكارییە ڕەواكانمان ناكەینەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، داوای گرنگیدانی دارایی بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و چارەسەركردنی كێشەی هات و نەهاتی مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكەین.
یەكێتی مامۆستایان داوای ئەو 59 مووچە پاشەكەوتكراو و وەرنەگیراوە بۆ مامۆستایان دەكاتەوە و دەڵێت: “دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە”.
جەختیشی كردۆتەوە، دەبێت گرنگیی زیاتر بە مامۆستایانی گرێبەست بدرێت و بكرێنە هەمیشەیی تاوەكو كێشەی كەمیی میلاك بۆ ساڵی داهاتوو چارەسەربكرێت.
