spot_imgspot_img

لە هەرێم دۆلار بۆ حاجییان كرا بە 132 هەزار

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حاجیانی کوردستان ٢٠٠٠ دولاریان بە نرخی بانکی ناوەندی، كە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە، پێ‌ دەدرێت و لەمڕۆوە لە بانكی جیهان پێدانی دۆلار بە حاجییان دەستپێدەكات.

كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە هەوڵی بەردەوامی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندی فیدڕاڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی ٢٠٠٠ دولار بۆ هەر حاجییەک بە نرخی ١٣٢٠٠٠ لەمڕۆوە حاجیان دەتوانن لقەکانی بانکی جیهان بکەن بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە.

ڕاشیگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری گۆڕینەوەی ٢٠٠٠ دولار واتە ٢٠ وەرەقە بۆ هەر حاجییەک، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕە هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوەکو ئەم بڕیارە حاجیانی کوردستان بگرێتەوە، ئەوەبوو دوای چەندین رێککاری یاسایی و کارگێری ئەمڕۆ لە لایەن بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵەوە بڕە پارەی پێویست بە دولار خرایە سەر بانکی جیهان تاوەکو بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ هەر حاجییەک ٢٠ وەرەقە بگوڕدرێتەوە.

ڕوونیشی كردەوە، هەر حاجییەک زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دینار بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دولار لە بازاڕ بکرێت، کە لەم کارەدا ٥١٣٦ حاجی سوود مەند دەبن، کە ئەگەر هەموو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سوودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عیراقی.

دەشڵێت: هەموو داتایەکیان داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت و لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە.

بە پێی ئەو کاتانەی، کە دیاری کراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر ٩ بەیانی تاوەکو ١٢ نیوەڕۆ و شەفتی ئێواران کاتژمێر ٣ ئێوارە تاوەکو ٥ ئێوارە و شەفتی سێیەم کاتژمێر ٧ شەو تاوەکو 10:30ی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە