ئەندامێكی خوولی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: ئەم نرخانەی بڕیاریان لێدرا ڕێک بە بازرگانیکردنی کارەبایە و شتێک نامێنێت ناوی کارەبای حکومی و نیشتمانی بێت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، نرخی كارەبای 24 كاتژمێری “پڕۆژەی ڕووناكی” پەسەند كرد و ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە، بەجۆرێك نرخی كارەبا بە بەراورد بە پێشتر لەسەر هاووڵاتیان گران كراوە، چونكە نرخی تا 400 كیلۆوات پێشتر بە 18 دینار بوو، ئێستا كراوە بە 72 دینار.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشوووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەم نرخانەی بڕیاریان لێدرا ڕێک بە بازرگانیکردنی کارەبایە و شتێک نامێنێت ناوی کارەبای حکومی و نیشتمانی بێت.
دەشڵێت: ئەنجومەنی وەزیران نرخی کارەبای کەم نەکردەوە، بەڵکو بەمجۆرە گرانی کردووە:
لە ئاستی یەکەم؛ ( ١ تا ٤٠٠) کیلۆ وات کە نزیکەی (٢،٥) ئەمپێری بەردەوام دەکات، پێشتر تەنها بە ( ١٨ دینار) ئەژمار دەکرا ئێستا کراوە بە ( ٧٢ ) دینار!
لە ئاستی دووەم؛ (٤٠٠ تا ٨٠٠) کیلۆ وات کە نزیکەی (٥) ئەمپێری بەردەوام دەکات لە ٢٤ دینارەوە گران کراوە بۆ ١٠٨ دینار!
لە ئاستی سێیەمدا؛ لە (٨٠٠ تا ١٢٠٠) کە دەکاتە نزیکەی (٧،٥) ئەمپێری بەدەوام دەکات، پێشتر هەر بە ( ٤٢) دینار بوو، ئێستا گران کراوە بۆ ١٧٥ دینار!
لە ئاستی چوارەم؛ لە (١٢٠٠ تا ١٦٠٠) کە نزیکەی (١٠) ئەمپێری بەردەوام دەکات پێشتر نزیکەی (٥٠) دینار بوو ئێستا گران کراوە بۆ ( ٢٦٥) دینار!
لە ئاستی چوارەم و زیاتر؛ لە (١٦٠٠ کیلۆ وات و زیاتر) کە دەکاتە (١٠) ئەمپێری بەردەوام پێشتر بە (٧٢) دینار بوو، ئێستا گران کراوە بۆ (٣٥٠) دینار!
ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر خێزانێک لە وەرزی زستان یان هاوین (١٢٠٠) کیلۆواتی بەکارهێنابێت، کە دەکاتە (٧،٥) ئەمپێری بەردەوام، هیچ خێزانێکی پێنج کەسیش زەحمەتە لە زستان و هاوین بتوانێت لەو بڕە کەمتر بەکاربهێنێت، ئەوە بۆ ئەو بڕەیە پێشتر (٣١،٠٠٠) دیناری دەدا، بەڵام لەم نرخە بازرگانیانەی بڕیاریان لێداوە دەبێت (١٤٢،٠٠٠) دینار بدات!
دەشڵێت: ئەگەر خێزانێک بە بەردەوامی (١٠) ئەمپێر بەکاربهێنێت، کە دەکاتە (١٥٨٤) کیلۆ وات، ئەوە پێویستە مانگانە بڕی (٢٤٣،٧٦٠) دینار بدات!
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەپرسێت: ئایا بەم نرخانە شتێک دەمێنێت ناوی کارەبای نیشتیمانی و حکومی بێت؟