spot_imgspot_img

“ئەمە ئەو سعودیەیە نییە کە پێشتر ترەمپ سەردانی کردووە”

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانەکەی بۆ کەنداو بەسعودیە دەستیپێکرد، ئەمەش یەکەم گەشتی فەرمی بوو بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی لە خولی دووەمی خۆیدا، ئەم گەشتەی ترەمپ سەرنجی ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە.

ئەمە سعودییەکەی پێشتر نییە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بابەتێکی بەناونیشانی “ئەمە ئەو سعودییەیە نییە، کە ترەمپ سەردانی کردووە” بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن مایکل ڕاتنی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەسعودیەوە نووسراوە.

ڕاتنی دەڵێت؛ سعودیە تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ سەرۆک ترەمپ هەیە؛ ئەوان وەک “بازرگانێکی ڕاستگۆ” دەیبینن، کەسێک کە باسی بەرژەوەندی و تێچوون دەکات نەک بەهاکان و وتار لەسەر مافەکانی مرۆڤ و هەندێک بنەما.

ڕاتنی داوا، لە گەل و سەرکردایەتی سعودیە دەکات، بڕیاری ترەمپ کە وڵاتەکەیانی کردووەتە یەکەم شوێنی سەردانی فەرمی خۆی لە خولی دووەمیدا، هەروەک چۆن لە خولی یەکەمیدا کردبووی – بە “ئاماژەیەکی بەهێزی ڕێزگرتن” سەیر بکەن.

نووسەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەڵوێستەی ترەمپ پێچەوانەی هەڵوێستی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە، کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دا، سعودیە بکاتە “دەوڵەتێکی پەراوێزخراو “.

ڕاتنی ئاماژەی بەوەداوە، “سەرەڕای ئاسایی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیە لە سەردەمی بایدن، بەڵام سعودییەکان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە لە گەڕانەوەی ترەمپیان دەڕوانی بۆ کۆشکی سپی، و دواتر سەردانی بۆ ڕیاز”.

نووسەر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا سعودیە بووەتە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەرانی جیهان لە بواری وزەی نوێبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ستراتیژێکدا کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوتە.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سعودیە ڕایگەیاندووە؛ بەڵام وێنەکە تەواو نییە، سعودیە هێشتا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات، پاسەوانانی سنووریش تۆمەتبار کراون بەوەی تەقەیان لە کۆچبەران کردووە کە هەوڵی پەڕینەوە لە یەمەنەوە دەدەن، جگە لەوەش بیرۆکەی دژایەتی سیاسی تەحەمول ناکرێت لەو وڵاتە، بەڵام دەتوانم بڵێم کە سعودیە بە خێرایی بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕوات و سەرکەوتنی لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە”.

“گەشتەکە نیشانەیەکی باش نییە بۆ ئیسرائیل”

ڕۆژنامەی “پۆلیتیکۆ”ی ئەمریکی، بابەتێکی بەناونیشانی “گەشتی ترەمپ بۆ کەنداو نیشانەیەکی باش نییە بۆ ئیسرائیل”، بڵاوکردووەتەوە، کە لەلایەن نووسەر جەیمی دیتمرەوە نوسراوە.

ئەو دەڵێت؛ ناتانیاهۆ بەهۆی شەڕی غەززە و پێشێلکردنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، ئەو واقیعەی پێشتر هەبوو خەریکە بگۆڕێت”.

جەیمی دیتمر، پێیوایە؛ نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لە ڕاستیدا “بەو ئاسانییە بەڕێوەناچن”، لە کاتێکدا نەتانیاهۆ دەسەڵاتی ئازادی زیاتری لە غەززە هەبووە، بەڵام زۆر پرس هەن کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لەسەریان ناکۆکە.

دەشڵێت؛ ڕەنگە ئەم درزەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ کەنداو کە سێ ڕۆژە، زیاتر دەربکەوێت.

“کێشە بۆ نەتانیاهۆ”

ئەم سەردانە دووبارەبوونەوەی یەکەم سەردانی ترەمپە لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی ٢٠١٧؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک هەمیشە لەگەڵ ترەمپ، هەموو شتێک لەسەر ئەنجامدانی گرێبەست دەبێت.

نووسەر لە زاری ستیڤ کوک، پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ترەمپ “بەدوای سەرکەوتنی خێرا و گرێبەستی ملیار دۆلاری و وەبەرهێنانێکدایە، کە بتوانێت لەگەڵ گەڕانەوەی، ئەمریکا بەرەوپێش ببات”.

کوک دەڵێت: “گرنگە بزانین کە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بە توندی لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی بەڕێوەبردنی ئابووری خۆیدایە – کە بریتییە لە ڕووکردنە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی کەندا ” و سندوقە زەبەلاحەکانیان.

بەڵام ئەمە کێشەیەک بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دروست دەکات، بە وتەی نووسەری بابەتەکە، “لە گوێی ترەمپدا پارە لە هەموو شتێک دەنگی بەرزترە و سەرکردەکانی کەنداو بەدوای ئاڵوگۆڕێکی خێرادا دەگەڕێن.”

ئەو نووسەرە پێشبینی ئەوەی کردووە کە داواکاریی “کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە سەرووی لیستی داواکارییەکانی سەرکردەکانی کەنداودا بێت”.

دیتمر ئاماژەی بەوەداوە کە ” سعودیە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ناتوانرێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکرێتەوە تا ئەو کاتەی کردەوەی دیپلۆماسی ئیسرائیلی ڕوون لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی نەبێت”.

لە کۆتاییدا، بە پێچەوانەی بارودۆخی ساڵی ٢٠١٧، “سەرکردەکانی کەنداو بە تامەزرۆییەوە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەرۆشییان هەیە، بەو پێیەی بەدوای سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەگەڕێن”، بەتایبەتی ئێستا کە بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە توندی لەناوچوون و ڕژێمی ئەسەد لە سووریا- کە هاوپەیمانی ئێران بوو، نەماوە.

دیتمر، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە ڕاگەیاندنی ئەم دواییەی ڕێککەوتنی نێوان ترەمپ و حوسییەکان کرد بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژی نێوان هەردوولا  – ڕاگەیاندنێک کە “ئیسرائیلی سەرسام کرد”.

بەبۆچوونی نووسەری وتارەکەی ڕۆژنامەی “پۆلیتیکۆ”ی ئەمریکی، “ئەم پێشهاتە چینێکی نوێی بێزاری بۆ نەتانیاهۆ زیاد کردووە، کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ واشنتۆن بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە، نە ڕەزامەندی بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستەبەر کردووە و نە ڕێککەوتنی لەسەر باجی گومرگی ئەنجامداوە”.

تاوەری ترەمپ لە دیمەشق

ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمز بە ناونیشانی “سەرۆکی سووریا گرێبەستێکی کانزایی و تاوەرێک لە دیمەشق پێشکەش بە ترەمپ دەکات؛ ناونیشانێکی ترە کە لەم سەردانەی ترەمپدا بووەتە باسی میدیاکان.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، ترەمپ سزاکانی ئەمریکای لەسەر سووریا لادا، ئەوەش دوای ئاماژەدانەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا دێت کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا ئیمتیازیان پێدەدرێت بۆ وەبەرهێنان، لە سامانە سروشتییەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ڕێککەوتنی کانزاکانی ئۆکراین.

ڕۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوەکردووە، شەرع ئاماژەی بە ئەگەری کردنەوەی “بورجی ترەمپ” لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕاکێشانی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرییەکانەوە کە پێدەچێت کەسایەتییە دیارەکانی سعودیە و تورکیا ڕۆڵیان تیای هەبووبێت.

ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ڕەنگە شەرع پێشنیاری دەستپێکردنی گفتوگۆکان بکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە بکات، بەپێی ئەوەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستی کەوتووە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، “دەنگەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ، بە پاڵپشتی دەوڵەتانی کەنداو، پاڵپشتی بۆ قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە و دوورخستنەوەی سووریا لە نفوزی ئێران دەکەن کە لایەنگری ڕژێمی ئەسەد بووە”.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە