فوئاد حوسێن: لوتكه‌ی به‌غداد كاریگه‌ری ده‌بێت و گفتوگۆكانیش واقیعی ده‌بێت

ئەمڕۆ چوارشەممە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگه‌یاند، لوتكەی بەغداد كاریگەری چۆنایەتی دەبێت و گفتوگۆكانیش واقیعی دەبن، دەشڵێت، له‌ داهاتوودا هاوكاری لە نێوان بەغداد و ئەنقەرە دەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیارەكەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) له‌باره‌ی چه‌كدانانیان له‌ ناوچه‌كه‌.

فوئاد حوسێن، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند: بەغداد بە شانازییەوە پێشوازی لە برا عەرەبەكانی دەكات كە لەگەڵ مێژووە كۆنەكەیدا دەگونجێت، لیژنەی ئامادەكاری بۆ لوتكەی عەرەبی لە بەغدادیش كارێكی زۆری ئەنجامداوە و بەشداری سەركردە و بەرپرسانی عه‌ره‌ب لەو هەلومەرجە گرنگه‌ی ئێستادا، خواستی ئەوان بووه‌ بۆ یەكخستنی پێگەی عەرەبی كە خزمەت بە ئومەتی عەرەبی و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بكات.

فوئاد حوسێن باسی لەوەشکرد: بیست ڕێكخراوی عەرەبی بەشداری ئەم لوتكەیە دەكەن، جگە لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، لەوانە ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و میوانی فەخری سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا. جگە لەوە نزیكەی 300 ڕۆژنامەنوس لە دامەزراوە عێراقییەكان و 200 ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتییەوە ئاماده‌ی لوتكه‌كه‌ن.

فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاشكراشی كرد: 1000 ڤیزەمان دابینكراوه‌ بۆ ئەوانەی بەشداری لوتكەكە دەكەن، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ش 16 كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای كارگێڕی بۆ لوتكەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجامدراوە.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌كه‌دا فوئاد حوسێن وتی: گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌ر و باسانه‌ی كه‌ له‌و لوتكه‌یه‌دا بڕیاره‌ بخرینه‌ به‌ر باس بریتین له‌ (ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆردوومانی خه‌ڵكی بێ تاوانی غه‌ززه، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو و ماددە هۆشبەرەكان).

فوئاد حوسێن لە درێژەی قسەكانیدا ڕاشیگه‌یاند: بڕیاره‌ وڵاتانی عەرەبی دیدگای خۆیان بۆ ئەو بابەتانە بخه‌نەڕوو كە لە لوتكەكەدا بۆ گفتوگۆكردن دیاریكراون.

لە بارەی هەڵگرتنی سزاکانی سووریاوە وتی: ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر گەلی سووریا هەنگاوێكی گرنگە و ئەوەی ئه‌مڕۆش لە ڕیاز ڕوویدا لە بەغدادیش ڕوودەدات و قۆناغێكی تەواوكەرە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە