کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا کە ئەندامانی کۆمپانیای “Magnificent 7″ن، ڕۆژی دووشەممە ٨٣٧.٥ ملیار دۆلاریان بۆ سەر بەهای کۆمپانیاکانیان زیادکرد، ئەویش دوای ئەوەی ئەمریکا و چین لەسەر ڕاگرتنی زۆربەی باجی لەسەر کاڵاکانی یەکتر ڕێککەوتن.
ئەمەش بە گەورەترین قازانجی بەکۆمەڵی گروپەکە دادەنرێت لە دوای 9ی نیسانەوە.
پێشتر پشکەکانی تەکنەلۆژیا وەک کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوت، چونکە گرژییە بازرگانییەکانی نێوان دوو گەورەترین وڵاتە ئابوورییەکەی جیهان هەڕەشەی پەکخستنی لەسەر هاوردەکردن و هەندێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەمریکا دروست کردبوو.
بەڵام وەبەرهێنەران هەناسەیەکی ئارامیان هەڵکێشا دوای ئەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە کۆتایی هەفتەدا بووە هۆی ڕاگرتنی باجەکانی سەر یەکتر بە شێوەیەکی کاتیی.