بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” هەنگاوێکی گرنگ و میژووییە بۆ بەرقەراری ئاشتی و ئاوەدانی لەتورکیای دراوسێمان”.
ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، ئیسلامی لە کوردستان/عێڕاق، پەیامێکی بەبۆنەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و بڕیاری دانانی جەک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەدەمەوەهاتنی ئەندامانی کۆنگرەی ١٢ی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ پەیامە میژووییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەگۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ خەباتی پەرلەمانی و مەدەنی و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆتایهێنان بەتوندوتیژی و شەڕو ناکۆکییەکان، هەنگاوێکی گرنگ و میژووییە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و کۆتایهێنان بەتوندوتیژی و شەڕو ناکۆکییەکان، هەنگاوێکی گرنگ و میژووییە بۆ بەرقەراری ئاشتی و ئاوەدانی لەتورکیای دراوسێمان و گەلانی ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشی، وە دەستخۆشیش دەکەین لە ئەندامانی کۆنگرەی 12 pkk بۆ ئەم بڕیارە گرنگەیان.
بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی خستۆتەڕوو، هیوادارین هەنگاوە کرداریەکان دەستپێبکەن بەئامانجی سەرکەوتووبوونی پرۆسەی ئاشتی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان گەلانی ناوچەکە.
