دەم پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی چەکدانان ڕاگەیاند

دەم پارتی لەبارەی راگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت” نابێت هەنگاوی چەکدانان بە کەم ببینرێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر بڕیاری چەکدانانی پەکەکە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، پێشوازی هەنگاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین بۆ ڕاگەیاندنی ئاشتی و دانانی چەک و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا، هاوکات نابێت هەنگاوی چەکدانان بە کەم ببینرێ و دەبێت هەمووان ئەوە ببینن.

ئایشە گوڵ ئاماژەی بەوەشدا، نابێت ئەم دەرفەتە بۆ ئاشتی لەدەست بدرێت و پێویستە بە کردار و هەنگاوی گرنگ وەڵامی چەکدادانی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە ببینرێت، هاوکات پێویستە هەموو لایەنەکان ببینە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی.

جەختیشیکردەوە، ئەم هەنگاوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کورد هەمیشە ئاشتیخواز بووە، هەنگاوی داهاتووش نیازپاکی تورکیا بەرامبەر ئەو بریارە نیشاندەدات.

ئایشەگوڵ ڕاشیگەیاند،  لەمەولا پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگتر لە وڵاتدا بگێڕیت، چونکە بەم هەنگاوە پەرلەمانی تورکیا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی میژوویی بۆتەوە.

جێی باسە ئەمڕۆ 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی دوانزەیەمەین کۆنگرەی حزبەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و وتی “بڕیاری کۆنگرەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە ڕێبازی تێکۆشانی چەکداری، زەمینەیەکی پتەو بۆ ئاشتی هەمیشەیی و چارەسەری دیموکراتی پێشکەش دەکات. جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە باسیان لێدەکرێت پێویستی بەوەیە ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بەرێوەبرببات و ئاراستەی بکات، دان نان بە مافەکانی سیاسەتی دیموکراتی و گەرەنتی یاسایی دروست و تەواو دەسەپێنێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە