كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات، بەڵام هیچ بڕیارێكی بۆ مووچەی مانگی 4ی مووچەخۆرانی هەرێم تێدا نەدرا.
ئەمڕۆ یەك شەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، كە كۆبوونەوەی ڕۆژانی سێ شەممەیە بەڵام پێشخرا بەهۆی ڕێكارەكانی لوتكەی كۆمكاری عەرەبییەوە، كە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەقی بڕیارەكانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوە، كە تایبەت بووە بە بوارەكانی (كارەبا و پێدانی گاز بە خۆڕایی بۆ مۆلیدەكان بۆ وەرزی هاوین و پەسەند كردنی چەند ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتی و چەند بوارێكی دیكە) و بڕیاریان تێدا دراوە.
هەر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە، ڕۆژانی (پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە و یەك شەممەی هەفتەی داهاتوو) بكرێنە پشوو بەهۆی ئامادەكارییەكانی لوتكەی كۆمكاری عەرەبی.
بەڵام لە بڕیارەكانی كۆبوونەوەكەدا هیچ ئاماژەیەك لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەدراوە، كە ئەمڕۆ ماوەی 45 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی 4 نادیارە.
