سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و دادگا باس لە کێشەی سایت و پەیجە نەناسێندراوەکان دەکەن

میكانیزمی سكاڵاو دادگاییكردنی ڕۆژنامەنووسان دیاریكرا و لقی سلێمانی سەندیکا و دادگای سلێمانیش باسیان لەو سایت و پەیج و ئەکاونتانە کرد کە خۆیان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان نەناساندووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروان ئەنوەر، سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، سەردانی دادگای سلێمانی كرد و لەگەڵ حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، حاكم سامان جەمال دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/1 و حاكم هاوڕێ لەتیف، دادوەری دادگای كەتنی سلێمانی/6 کۆبووەوە.

ئەم كۆبوونەوە بەمەبەستی شێوازی جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە 2722 لە ڕۆژی 13/3/2025بوو كە دوو دادگا لەشاری سلێمانی تایبەتمەند كران بۆ سكاڵاو كەیسەكانی ڕۆژنامەنووسان لەچوارچێوەی پیادەكردنی یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 2007 بۆ ئەم كەیسانە.

کاروان ئەنوەر ڕایگەیاند، سەرۆكی دادگای سلێمانی و هەردوو دادوەری لە دادگاكانی لێكۆڵینەوەی 1 و كەتنی 6 تێگەیشتنی تەواو و بۆچوونیان هەمان بۆچوونی میدیاكاران و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان هەبوو سەبارەت بەو كەیسانەی میدیایین و جیاكردنەوەیان لەو بابەتانەی بەناوی میدیاوە دەكرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت كرایەوە كە لە ڕۆژی دەرچوونی بڕیاڕی ناوبراوەوە، لەدادگاكانی سلێمانی كار بەم بڕیارە دەكرێت، هاوكات باس لە ناساندنی ڕۆژنامەنووس لەبەردەم دادگادا كرا ئایا كێ ڕۆژنامەنووسە.

باسیش لە میكانیزمی بانگهێشتكردنی میدیاكاران كرا بۆ بەردەم دادگا بەپێی بڕگەو ماددەكانی یاسای ڕۆژنامەوانی، تەوەرێكی تری دیدارەكەش كێشەی ئەو سایت و پەیج و ئەكاونتانە بوو كە خۆیان نەناساندووە لای سەندیكاو لەبەردەم یاسادا.

سكرتێری لقی سلێمانی سەرباری بوونی نوێنەرانی یاسایی باسی لە دامەزراندنی بۆردێكی پارێزەران كرد بۆ بەرگریكردن لەمیدیاكارانی سنووری ناوچەكە و دادگاش لاری نەبوو بۆ ئەم داواكارییەو بڕیاری دا كاری بۆردەكە بخرێتە خانەی داواكاری ئینتیدابەوە، ئەمەش كارئاسانی و ڕێگەخۆشكەرە بۆ بۆردی پارێزەران.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە