دیاردەیەک، هەڕەشە لە سەرانسەری جیهان دەکات
لەگەڵ بەردەوامی فراوانبوونی کێڵگەی تۆڕباینە باییەکان، ڕەنگە هەندێکیان بەبێ مەبەست با لە کێڵگەکانی دیکە بدزن، ئەمەش نیگەرانییەکان سەبارەت بە توانای هەندێک وڵات بۆ بەدەستهێنانی وزەی نوێبووەوە و دەردانی کاربۆنی سفری “پاک” دروست دەکات.
لەگەڵ فراوانبوونی کێڵگە باییەکانی نزیک دەریا، ئەو زەویانەی کە بۆ دانانی وێستگەی کارەبای لە “با” دیاریکراون، لە سەرانسەری جیهاندا، دیاردەیەکی نیگەرانکەر بانگەشەی بۆ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە هەندێک بارودۆخی داینامیکی ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە “با”ی وێستگەکان لە کێڵگەکانی دیکە “بدزرێن”.
پیتەر باس، زانای توێژینەوە لە کۆمپانیای WEVEL هۆڵەندی بۆ پێشبینیکردنی وزەی نوێبووەوە و کەشوهەوا دەڵێت: “کێڵگە باییەکان وزە لەڕێگەی ڕەوتی هەواوە بەرهەمدەهێنن و ئەم پرۆسەیە لە بنەڕەتدا خێرایی با کەمدەکاتەوە”.
دەشڵێت، خێرایی با لە پشت هەر تۆرباینێکەوە لەناو کێڵگەکەدا خاو دەبێتەوە، بە بەراورد بەخێرایی بای بەردەمی، هەروەها لەپشتی تەواوی کێڵگەکەوە خاو دەبێتەوە بە بەراورد بەو بایەی کە لە پێشەوە هەیە، ئەم دیاردەیە بە “کاریگەری کلکی هەوا” ناسراوە.
بە زاراوەیەکی سادە، تۆرباینە سووڕاوەکان لە کێڵگە باییەکان وزە لەم ڕەوتە هەوایانە دەردەهێنن، ئەمەش دۆخێک دروست دەکات کە خێرایی بای پشت کێڵگەکە لاواز دەکات.
ئەم کلکە هەوایە، دەتوانێت زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر درێژ بێتەوە لە حاڵەتی کێڵگە گەورە و چڕەکانی نزیک دەریا و لەژێر هەندێک بارودۆخی کەشوهەوادا، بەڵام توێژەران دەڵێن درێژی ئاسایی ئەم کلکە هەوایانە دەیان کیلۆمەتر دەبێت.
توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ ئەگەر کێڵگەیەکی “با” لە خوارەوەی “با”ی کێڵگەیەکی “با”ی دیکە دروست بکرێت، دەتوانێت بەرهەمهێنانی وزەی کێڵگەی “با”ی خوارەوە بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ یان زیاتر کەم بکاتەوە.
ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی باو پێی دەوترێت “دزینی با”، بەڵام ئێریک ڤێنسێرواس، پارێزەری نەرویجی تایبەتمەند بە وزەی بای دەریایی، دەڵێت: “دەستەواژەی ‘دزینی با’ تاڕادەیەک چەواشەکارانەیە، ناتوانیت ئەو شتە بدزیت کە ناتوانیت خاوەندارێتی بکەیت، با هی کەس نییە”.
بەڵام ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەم دیاردەیە دەتوانێت چەندین کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو کۆمپانیایانە هەبێت کە پەرە بەکێڵگە باییەکان دەدەن، لە هەندێک حاڵەتدا، دەتوانێت کێشە دروست بکات کە سنوورە نیشتمانییەکان درێژدەبنەوە.
شایەنی باسە، لە ئێستاوە کۆمەڵێک ناکۆکی بەردەوام لە نێوان کۆمپانیاکانی بونیاتنانی کێڵگەی بادا هەیە لەسەر گومانی “دزینی با”، ئەمەش نیگەرانییەکان بۆ ئەو وڵاتانە دروست دەکات کە حساب بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکانی “با”ی دەریایی دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.
توێژینەوەیەکی نوێ، کە مانگی ڕابردوو لە بەریتانیا دەستیپێکرد، ئامانجی ئەوەیە وێنەیەکی ڕوونتر لە کاریگەرییەکانی کلکی هەوا -ئایرۆداینامیک، یارمەتی حکومەتەکان و کۆمپانیا گەشەسەندووەکان بدات بۆ باشترکردنی ستراتیژییەکانیان و دوورکەوتنەوە لە ململانێی داهاتوو.
پابلۆ ئۆرۆ، توێژەری باڵای ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی مانچستەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات؛ پڕۆژەکە جۆری کاریگەرییەکانی کلکی با و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرهەمهێنانی کێڵگە باییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠ پۆلێن دەکات.
ئەو دەشڵێت: “هەندێک لەم تۆرباینانە زۆر نزیک لە تۆرباینەکانی ئێستا کاردەکەن، ئەمەش دۆخەکە زیاتر قەرەباڵغتر دەکات و بۆیە کاریگەرییەکانی ئایرۆ-داینامیک یان کلکە هەوا لە ئێستاوە کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە”.
حکومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە تا ساڵی ٢٠٣٠ بتوانێت وزەی پێویست لەسەرچاوە نوێبووەکانی وەک با بەرهەم بهێنێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کارەبا.
ئۆرۆ دەڵێت لە ئێستادا ژمارەیەک ناکۆکی لە بەریتانیا لە نێوان گەشەپێدەرانی کێڵگە باییەکانی دەریا هەیە لەسەر کاریگەرییە ئەگەرییەکانی بای دواوە، و پێی وایە ئەم ناکۆکییانە بەشێکیان بەهۆی نادڵنیاییەوەیە سەبارەت بە کاریگەرییە وردەکانی ئەم ڕەوتە هەوایانە.


