ئەمڕۆ 45 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگى سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا ئاسۆکانی ناردنی مووچەی مانگی نیسان بە نادیاری ماونەتەوە و سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، پێویست بکات شاند ڕەوانەی بەغداد دەکەن.
میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری سەرچاوەیەکی ناو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە: “تا ئێستا بەغداد لە بارەی گرفتەکانی بەردەم مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی، ئاگاداری نەکردونەتەوە”.
ئەوەشی وتووە: “ئەگەر بەغداد بڕی پارەی مووچەی مانگی نیسان کەمتر خەرج بکات بە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو، ئەوا هەڵوێستیان دەبێت”.
بەپێی سەرچاوەکەی ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان قسەی کردووە، “ئەگەر بەغداد تێبینی هەبێت لەبارەی کەمی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ، ئەوا ئامادەن ڕوونکردنەوە بدەن”.
هاوکات سەرچاوەکە، “ئەگەر پێویستی کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردن و تاوتوێکردنی گرفتەکانی بەردەم مووچە، شاندێک دەنێرنە بەغداد”.
