پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، دەستیان بەسەر تانکەرێكدا گرتووە و شۆفێرەکەی دەستگیر كراوە بەهۆی ئەوەی نەوتی ڕەشی بەسەر شەقامی سەرەكی (سەیدسادق – ناڵپارێز) ڕشتووە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی لێچوونی ڕێژەیەکی زۆر لەنەوتی ڕەش و دروست کردنی ئاستەنگ و مەترسی بۆ شۆفێران لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان (سەیدسادق- ناڵپارێز ) لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز و بە هاوکاری هێزەكانی ئاسایش توانرا شۆفێرێک دەستگیر بکرێت و دەست بەسەر تانکەرەکەیدا بگیرێت.
ڕاشیگەیاندووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە.
زۆرکات بەهۆی پابەند نەبوون و کەمتەرخەمی شۆفێرانی بارهەڵگری سووتەمەنی و لێکچوون و ڕژانی جۆر و بەرهەمەکانی (نەوت) مەترسی بۆ شۆفێران و ڕووداوەکانی هاتووچۆ دروست دەبێت.


