spot_imgspot_img

نهێنی پشت بەرزبوونەوەی بەهای دینار ئاشكراكرا

ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام بەهای دیناری عێراقی لەبەرزبوونەوەدایە و بەپێچەوانەشەوە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە دابەزینە، شارەزایەكی ئابووری عێراقیش هۆكارەكەی دەگەڕێنێتەوە بۆ گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و لێكنزیكبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە.

ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام بەهای دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوەدایە، بەجۆرێك نرخەكەی لە 147 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 142 هەزار دینار بۆ 100 دۆلاری ئەمریكی.

ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “دوێنێ‌ پێنج شەممە لەكانی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەكراوە”.

نەبیل مەرسومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووریی عێراقی لە نووسینێكدا لەژێر ناونیشانی “دیناری عێراقی لە نێوان ئەمریکا و ئێران!” ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار پەیوەستە بە چەندین فاکتەرەوە، بەڵام پێموایە گرنگترین هۆکار پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکایە.

دەشڵێت: ئەگەر دانوستانەکان ببنە هۆی ڕێکكەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەوا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕی هاوتەریبدا زۆر لە نرخە فەرمییەکەی نێوانیان نزیک دەبێتەوە.

بانكی ناوەندی عێراقی نرخی فەرمی دۆلاری بە 1320 دینار دیاری كردووە بۆ یەك دۆلار، واتە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار.

پێشتریش مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایى سەرۆک وەزیران رایگەیاند، خواست لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە بەهۆى سێ هۆکارى سەرەکى، کە ئەوانیش بریتین لە، سەرکەوتنى بانکى ناوەندى لە پارەدارکردن، هاندانى پارەدارکردنى بازرگانییە بچوکەکان بەشێوەى راستەوخۆ پاش لابردنى ئاستەنگییەکان و ئاسانکارى لە بەدەستهێنانى دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە لەڕێى کارت و لە فڕۆکەکان بە نرخى فەرمی.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە