پەرلەمانتارێكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە هۆكاری نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە دەڵێت: پێویستە هەرێم مانگانە نیوەی داهاتی ناوخۆ بداتە عێراق، بەڵام نەیداوە و هاوكات تا ئێستا نەوتی ڕادەست نەكردووە و جەختیش دەكاتەوە، ئەمە تەنها خەڵک باجەکەی دەدات.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بە پێی ژمارە و داتاکانی وەزارەتی دارایی، هەرێمی کوردستان مانگانە (١٤٠ ملیار) دینار داهاتی گومرگ و (٥٠ ملیار) دینار داهاتی باجی هەیە، ئەم دوو داهاتە فیدراڵین و پێویستە مانگانە نیوەی بۆ بە غدا بنێردرێت، کە (٩٠ تا ٩٥ ملیار) دینار دەکات، کەچی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ هەرێم مانگانە نزیکەی (٤٠ تا ٥٠ ملیار) دیناری بۆ هەر مانگێک ناردووە!
ڕاشیگەیاند، پێویستە هەرێم مانگانە (٤٠٠ هەزار) بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، تا ئێستا نەکراوە، لەوەش خراپتر ئەوەیە هەموو ڕۆژێک (٣٢٠ هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشن، داهاتەکەشی نە دەیدەنە وەزارەتی دارایی بەغدا، نە دەیدەنە وەزارەتی دارایی هەرێم!
وتیشی، ” فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە تەنکەر و نادیاریی داهاتەکەی لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٣ەوە دەستی پێکردووە، واتە نزیکەی دوو ساڵ و دوو مانگ، کە نزیکەی (٢٥٠ ملیۆن) بەرمیل نەوت دەکات، داهاتەکەی خەیاڵییە کە نزیکەی (٧،٥ ملیار) دۆلار دەکات، کە ئەگەر نیوەشی ببێتە تێچووی بەرهەمهێنان، ئەوە دەبێت دەسەڵات بە خەڵک بڵێت (٣،٧٥ ملیار) دۆلای چی لێکردووە؟!
جەختیشی كردەوە، جێبەجێنەکردنی ئەرکەکان لەلایەن هەرێم و نەناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، تەنها خەڵک باجەکەی دەدات.