spot_imgspot_img

“پەكەكە كۆنگرەی چەكدارانی بەست… ئۆجەلان بە تەلەفۆن بەشدار بووە”

سەرنووسەری ڕۆژنامەیەكی توركیا ڕایدەگەیەنێت، پەكەكە ڕۆژی (3) ئەم مانگە كۆنگرەی خۆی بەستووە لە سنووری سلێمانی و ئۆجەلان بە تەلەفۆن بەشدار بووە و تەنها ڕاگەیاندنی پەیامەكەی ماوە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسان لە قەندیل بێدەنگن و هیچیان لەوبارەیەوە نەوتووە.

یەڵدرای ئۆگور، سەرنوسەری ڕۆژنامەی (Serbestiyet)ی توركی دەڵێت: پارتی كرێكارانی كوردستان کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕێكخستووە، ئەوەی ماوە تەنها ڕاگەیاندنی بڕیارەكەیە.

ئۆگور، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی، “وەک بیستومە پارتی كرێكاران کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی خۆی بەستووە، کۆنگرە لە (3)ی ئایار دەستیپێکردووە و چەند ڕۆژێکی خایاندووە و كۆتایی هاتووە، لە ئێستادا چاوەڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكەی دەكرێت”، جەختیشكردووە لەوەی، رۆژنامەنوسانی نزیک لە پەكەكە-ش بابەتی هاوشێوە دەنووسن.

هاوكات ڕۆژنامەنوس یوسف شەریف، شارەزای كاروباری توركیا، لەزاری سەرچاوە ڕۆژنامەوانیەكانەوە بڵاویكردووەتەوە، پارتی كرێكارانی كوردستان كۆنگرەكەی لە شاری سلێمانی رێكخستووە و عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕابەری زیندانیكراوی پارتەكە بە تەلەفون بەشداری كۆنگرەیەی كردووە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی (48) كاتژمێری داهاتوودا، پەكەكە بەیاننامەیەك بڵاوبكاتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە، دوێنێ‌ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ وەزیر و پەرلەمانتارانی پارتەكەی وتی: ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و ڕێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە، دواتر بۆ هەمووان سەردەم و قۆناغێكی نوێ دەستپیدەكات.

وتیشی: کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ، چونكە رەنگە کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە، هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین؛ پڕۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تا ئێستا بەرپرسانی پەكەكە لە قەندیل و ئەندامانی شاندی ئیمرالی هیچ ڕوونكردنەوەیەكان لەسەر ئەو پرسە نەداوە.

spot_img
spot_img
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە