پزیشکێکی كوردی خەڵکی دهۆک، بەهاوبەشی لەگەڵ چەند پزیشكێكی دیكە دەرمانێکی دروستکردووە، کە بە ڕێژەی 95٪ خانەی شێرپەنجەی منداڵدان لەنێودەبات، هەروەها یەکەمجارە ناوی کوردستان لەسەر لێکۆڵینەوەکەی دەنووسرێت.
د. هەژمەت عەبدولخالق، مامۆستای کۆلێژی پزیشکی دهۆک بە (ڕووداو)ی ڕاگەیاند، “یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان ڕووەکێک بەناوی (Centrapalus paucifloris) ناسراو بە (CCF) دۆزراوەتەوە و لەسەر چەندین جۆری شێرپەنجە تاقیکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە 95٪ـی خانەی شێرپەنجەی منداڵدان HPV-18 لەنێودەبات”.
وەکو ئەو پزیشکە دەڵێت: وەزارەتی داهێنان و زانیاریی هەنگاریا دوو جار پاڵپشتیی ئەویان کردووە، یەکەمجار لە بواری کیمیایی دا و دووەمجاریش لە دۆزینەوەی ئەم ڕووەکە، کە بۆ یەکەمجار لێکۆڵینەوەکە ناونرا “کوردستان”.
د. هەژمەت عەبدولخالق باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی سەرەکیی لەسەر نەکراوە، چونکە پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە، ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی 2020 دەستیپێکردووە و لە کۆتاییەکانی 2023 تەواو بووە، ئەمساڵ بە نووسراو خرایەڕوو.
پێشتریش ئەو پزیشکە، بە رێگەی زانستی کاریگەری تیشکی “ئێکس” لەسەر فیزیۆلۆژی جەستەی مرۆڤ دیاری کردبوو، کە ئەو کارمەندانەی لەو بوارە کار دەکەن گۆڕانکاری دەردانی هۆڕمۆنە ڕژێنی دەرەقی بە تایبەتی هۆڕمۆنی (T)ـیان ڕوو دەدات.