بەهۆی خراپی کوالیتی بەنزینەکەیەوە، بەنزینخانەیەک لە سنووری سلێمانی دادەخرێت، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت ئەو بەنزینەی کە کوالێتیەکەی باشە و ژمارەی ئۆکتانەکەی ئاساییە خاوەنەکەی تەنها بۆ پشکنین بەکاری هێناوە و بەنزینە کوالێتی نزمەکەشی بە شۆفێران فرۆشتووە.
لە چوارچێوەی کارو ئەرکی چاودێریکردنیان بۆ جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی لە بەنزینخانەکانی سنووری شاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی سوتەمەنی سەر بە قایمقامیەتی سلێمانی، بەنزینخانەی چەرمەگای لە تاسڵوجە داخست.
لەبارەی هۆکاری داخستنەکەوە، سۆران کەمال، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی، ڕایگەیاند دوای پشکنین و بەدواداچوونی لیژنەکەیان، دەرکەوتووە لە بەنزینخانەکەدا بەنزینی جۆری نۆرماڵی بە دوو کوالێتی جیاواز هەبووە، کە خاوەنەکەی بەنزینە کوالێتیە خراپەکەی بە هاووڵاتیان فرۆشتووە، ئەو بەنزینەشی کە کوالێتیەکەی باشە و لە ژمارەی ئۆکتانی بەنزینی ئاساییدا هەیە، تەنها بۆ کاتی پشکنین بەکاریهێناوە.
وتیشی: بۆیە دوای دڵنیابوونەوەی لیژنەکە لەم کارە نایاساییە، دەستبەجێ بە بریاری قایمقامی سلێمانی، بەنزینخانەکە داخراوە و ڕێگریش لە فرۆشتنی بەنزینەکە کراوە.