ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، دووکەڵی ڕەش لە ڤاتیکانەوە بەرزبووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کاردیناڵە کاسۆلیکییەکان پاپای نوێیان هەڵنەبژاردووە.
١٣٣ کاردیناڵ کە تێکڕای تەمەنیان ٧٠ ساڵە، لە کۆنگرەیەکی داخراودا، پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ٧ -٥ -٢٠٢٥ لە کڵیسای سیستین بۆ هەڵبژاردنی پاپای نوێ، کۆبوونەوە، لە کاتێکدا نوێنەرایەتی ئەوروپا لەنێو دەنگدەران بەراورد بەدانیشتنەکانی پێشوو بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردبوو.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڤاتیکان کاردیناڵەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، دەبێت تەمەنیان لە خوار ٨٠ ساڵ بێت، هاوکات ١١٧ کاردیناڵ لە سەرووی ئەو تەمەنەوە بێبەشن لە بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن.
لە چاوەڕوانی دووکەڵی سپی دا… کێ دەبێتە پاپای داهاتوو؟
ئەوروپییەکان زۆرترین نوێنەرایەتییان لەهەڵبژاردنەکاندا هەیە، کە ٥٣ کاردیناڵیان هەبووە، لە کاتێکدا پێشتر ٦٠ کاردیناڵی ئەوروپی لە کۆی ١١٥ کاردیناڵ بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کردووە کە پاپا فرانسیس لە ساڵی ٢٠١٣دا تێیدا هەڵبژێردرا.
لە دوای ئەوروپییەکان، کاردیناڵە ئاسیاییەکان ژمارەیان(٢٣) کاردیناڵ و پاشان لە ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست (٢١)، ئەفریقا (١٨)، ئەمریکای باکوور (١٦) و ئۆقیانووسیا (٤).
ئیتاڵیا بە ١٧ کاردیناڵ پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە نوێنەرایەتیان لە کۆبوونەوەکە کردبوو، لە دوای ئەویش ئەمریکا بە ١٠ کاردیناڵ و بەڕازیل بە ٧ کاردیناڵ، هەریەک لە فەرەنسا و ئیسپانیاش بە پێنج کاردیناڵ نوێنەرایەتیان کرد. ئەرجەنتین کە شوێنی لەدایکبوونی پاپا فرانسیسە، چوار نوێنەری هەیە، هەمان ژمارەش بۆ کەنەدا، هیندستان، پۆڵەندا و پورتوگال.
دیارترین کاندیدەکان بۆ جێگرتنەوەی پاپا:
ژان مارک ئاڤێلین، قەشەی سەرەکی مارسیلیا – فەرەنسی، تەمەن ٦٦ ساڵ.
کاردیناڵ پیتەر ئێردۆ، هەنگاری، تەمەن ٧٢ ساڵ.
کاردیناڵ ماریۆ گرێچ، سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی قەشەکان – ماڵتا، تەمەن ٦٨ ساڵ.
کاردیناڵ خوان خۆسێ ئۆمێلا، قەشەی سەرەکی بەرشەلۆنە – ئیسپانیا، تەمەن ٧٩ ساڵ.
کاردیناڵ پیترۆ پارۆلین، ئیتاڵی، دیپلۆماتکاری ڤاتیکان، تەمەن ٧٠ ساڵ.
کاردیناڵ لویس ئەنتۆنیۆ خواکیم تاگل – فلیپین، تەمەن ٦٧ ساڵ.
کاردیناڵ جۆزێف تۆبین، قەشەی سەرەکی نیوارک، نیوجرسی، ئەمریکی، تەمەن ٧٢ ساڵ.
کاردیناڵ پیتەر کۆدو ئەپیا تورکسۆن – غانی، بەرپرسی ڤاتیکان، تەمەن ٧٦ ساڵ.
ماتیۆ ماریا زۆپی – ئیتاڵی، قەشەی سەرەکی بۆلۆنیا، تەمەن ٦٩ ساڵ.